رووداو دیجیتاڵ
وێنەیەکی دەستنووسی شاکاری (مەم و زین)ـی ئەحمەدی خانی، کە مێژووەکەی بۆ 257 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دووبارە چاپکرایەوە.
بۆ ناساندنی بەرهەمەکە، کە لەلایەن ژووری بازرگانیی وانەوە ئامادەکراوە، ئەمڕۆ شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری وان لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. تێیدا ئامادەکارانی بەرهەمەکە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بەشداربوون.
دەستنووسەکە، کە 257 ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، ژمارەیەکی زۆر وێنەی جوگرافی و شیعری شاعیرە کلاسیکەکانی کورد لەخۆدەگرێت.
دووەم کۆنترین بەرهەمی کوردی
دوای بەدواداچوون و کارێکی درێژخایەن، ئەم دەستنووسەی مەم و زین دۆزرایەوە.
دەستنووسەکە، کە 257 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خۆشنووسێکەوە بە ناوی (سەلیم) نووسراوە، لەلایەن (یەعقوب ئایکاچ)ـەوە ئامادەکراوە و بە شێوەیەک کە لەگەڵ رەسەنایەتییەکەیدا بگونجێت، دووبارە چاپکراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە بە دووەم کۆنترین بەرهەمی نووسراوی کوردی دادەنرێت کە مێژووی نووسینەکەی دیار بێت.
"کورد وردە وردە لە ئەحمەدی خانی تێدەگات"
پرۆفیسۆر و ئەکادیمیست ماهیر تاهیر، سەبارەت بە بەرهەمەکە رایگەیاند: "کورد وردە وردە لە ئەحمەدی خانی تێدەگات. ئێمەش دەمانەوێت ئەم تێگەیشتنە دەوڵەمەندتر و روونتر بکەینەوە. لەم کتێبەدا رێبازێکی نوێ بۆ ئەمە هەیە. کورد نەک تەنیا لە باکووری کوردستان، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان وردە وردە مێژووی خۆی دەناسێتەوە و لە گەورە پیاوانی خۆی تێدەگات. ئێمەش هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی باشتر لێیان تێبگەین و تێگەیشتن لێیان ئاسانتر بکەین، کاری لەم جۆرە دەکەین".
مەم و زین، لە سەدەی 17ـدا لەلایەن فەیلەسووفی گەورە ئەحمەدی خانییەوە نووسراوە و وەک شاکارێک دادەنرێت.
ئەم کۆپییە، لە ناوچەی بەدلیس-ی باکووری کوردستان دەستاودەستی پێکراوە و بەم شێوەیە تاوەکو ئەمڕۆ پارێزراوە.
لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا 31 وێنەی دەستکێشراو هەن. هەروەها هەندێک لە قەسیدەکانی فەقێ تەیران و مەلای باتەیی بە مەبەستی رازاندنەوە خراونەتە ناو بەرهەمەکەوە.
"پێویستە ئەم کتێبە لە ماڵی هەموو خێزانێکی کورددا هەبێت"
عەبدولڕەحیم ئۆرهان، مامۆستای زمانی کوردی، ئاماژەی بە گرنگیی ئەحمەدی خانی کرد و گوتی: "ئەحمەدی خانی بۆ ئێمەی کورد کەسایەتییەکی زۆر گرنگە. پێویستە ئەم کتێبە لە ماڵی هەموو خێزانێکی کورددا هەبێت. پێویستە هەموو کوردێک سوود لە فەلسەفەکەی وەربگرێت، چونکە ئەم فەلسەفەیە باس لە نەتەوەپەروەری، جەنگاوەری و باوەڕی کورد دەکات و کولتووری کوردیشی لەخۆگرتووە".
کتێبەکە بە پاڵپشتیی لقی وانی ئەنستیتیوتی ئەحمەدی خانی ئامادەکراوە. بەرهەمەکە بەهۆی زانیارییە مێژووییەکان، چیرۆکەکان، تێبینییەکانی نووسەر و رازاندنەوەکانییەوە، پێگەیەکی زۆر بەنرخی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە.
لە رێوڕەسمی ناساندنەکەدا، ئامادەکارانی بەرهەمەکە زانیاریی وردیان لەبارەی چۆنیەتیی دۆزینەوەی کۆپییە دەستنووسەکە خستەڕوو و جەختیان لە گرنگیی بەرهەمەکە لە مێژووی کورد و کوردستاندا کردەوە.
ئەحمەدی خانی، شاعیر، نووسەر، ئەدیب، کۆمەڵناس، زمانناس، زانای کەلام، سۆفی، ئەستێرەناس و فەیلەسووفێکی کورد بووە کە لە سەدەی 17ـدا لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ژیاوە.

