رووداو دیجیتاڵ
سبغەتوڵڵا بیلمەز، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵە و وەک پێشنوێژی کاتی لە مزگەوتی مێژوویی سولەیمان خان لەسەر قەڵای وان کار دەکات. ئەو رۆژانە بە رێگایەکی سەخت و هەورازدا هەزاران هەنگاو دەبڕێت بۆ ئەوەی بانگ بدات و پێشنوێژی بکات.
سبغەتوڵڵا بیلمەز، کە لە قەزای ئیپەکیۆڵو دەژی، 5 مانگە وەک پێشنوێژ و بانگدەری کاتی لە مزگەوتی مێژوویی سولەیمان خان دەستبەکار بووە. ئەم مزگەوتە سێ ساڵ لەمەوبەر کرایەوە، مێژووی دروستکردنی بە دیاریکراوی نازانرێت، بەڵام لە ساڵی 1534 لە لایەن سوڵتان سولەیمانی قانوونییەوە نۆژەن کراوەتەوە.
بیلمەز، پێش هەر نوێژێک، رێگای قەڵا دەگرێتە بەر و بە رێڕەوێکی سەخت و بەرزاییدا کە نزیکەی 5 هەزار هەنگاو دەبێت، سەر دەکەوێت بۆ گەیشتن بە مزگەوتەکە کە لەسەر لووتکەی قەڵاکە و لە بەرزایی نزیکەی 100 مەتردایە.
سەرەڕای سەختیی رێگاکە، بیلمەز بەردەوامە لە ئەرکەکەی و رێنمایی گەشتیارە ناوخۆیی و بیانییەکان دەکات و زانیارییان پێ دەدات.
بیلمەز دەڵێت: "هەرچەندە کارێکی ماندووکەرە، بەڵام سوپاس بۆ خوا چێژی لێ وەر دەگرم، چونکە بە خۆشەویستییەوە کارەکەم دەکەم. دوای گەیشتن بە لووتکە و سەیرکردنی دیمەنەکە، سوپاسی خودا دەکەم کە ئەرکێکی وا جوان و بەنرخم پێ سپێردراوە."
ئەو هەروەها دەڵێت: "لێرە زمانی ئینگلیزیی خۆمم پێش خستووە. زانیاری لەبارەی مزگەوتەکە، قەڵای ئورارتوو و وانی کۆن دەدەم بە گەشتیارە بیانییەکان. هەندێک جار گفتوگۆی پرسیار و وەڵام سەبارەت بە ئایینی ئیسلام دەکەین، کە هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئێمە بەسوودە."
بیلمەز ئاماژە بەوە دەکات، نوێژی بەیانی و شێوان لە مزگەوتەکەدا ناکرێت، چونکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی مۆزەخانەیە و دوای نوێژی ئێوارە دادەخرێت.


