رووداو دیجیتاڵ
کارێزی ناڕوجەی حاجی جەرجیسی سەروو لە سنووری ناحیەی شوانی پارێزگای کەرکووک، بە فەرمی لە لیستی دامەزراوە کولتوورییە جیهانییەکانی ئاودێری تۆمار کرا. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ: "تەنیا لە ناوچەی شوان زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی هەن."
لە چوارچێوەی کارەکانی 26ـەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاودێری و وشککردنەوە (ICID) کە لە شاری مارسیلیای فەڕەنسا بەڕێوەچوو، رۆژی هەینی(16ـی تشرینی یەکەمی2026)، لیژنەی نێودەوڵەتیی ئاودێری بە فەرمی کارێزی (ناڕوجەی حاجی جەرجیسی سەروو)ی کەرکووکی خستە نێو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکان.
ئەم هەنگاوە وەک دانیپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بە لێهاتوویی ئەندازیاری و مێژوویی عێراق لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا.
"شانازییەکی گەورە بۆ کەرکووک"
دکتۆر زەکی کەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی کەرکووک و نوێنەری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە فەڕەنسا، بڕوانامە و قەڵخانی ناساندنی ئەو کارێزەی وەرگرت.
دکتۆر زەکی کەریم ئەحمەد، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم دەستکەوتە شانازییەکی گەورەیە بۆ عێراق و کەرکووک و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، چونکە ئەم کارێزە خاوەن بایەخێکی مێژوویی و ئەندازیاریی بەرزە و گوزارشت لە قووڵایی شارەزایی عێراقییەکان دەکات لە بەڕێوەبردنی ئاو لە نێوان نەوەکاندا."
گوتیشی، ئەم ناساندنە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی شوێنەوارە ئاوییەکانی دیکەش بەدۆکیۆمێنت بکرێن.
"بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە شوان"
هاوکات بڕیار شوانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارێزی ناڕوجەی حاجی جەرجیس، دوو ساڵ پێش ئێستا بۆ ئەم مەبەستە بەربژێر کراوە. ئەم کارێزە وەک تۆڕێکی ئاوی مێژوویی کار دەکات."
بەڕێوەبەری ناحیەی شوان ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی شوێنەواری کەرکووک، "زیاتر لە هەزار شوێنەوار لە ناوچەی شوان هەن، بەڵام بەداخەوە هەندێکیان تاڵان کراون."
گوتیشی، "ئەم دەستکەوتە دەبێتە سیمبوولێک بۆ ناوچەکە و دەتوانین وەک پڕۆژەیەکی گەشتیاری سوودی لێ وەربگرین بۆ باشکردنی ئابووریی گوندەکان."

کارێز (قەنات) یەکێکە لە کۆنترین و ئاڵۆزترین سیستمە ئەندازیارییەکانی جیهان بۆ دابینکردنی ئاو، کە تێیدا لەرێگەی لێدانی چەندین بیری زنجیرەیی و بەستنەوەیان بەیەکدی، ئاوی ژێرزەوی بەبێ بەکارهێنانی وزە و تەنیا بە هێزی کێشکردنی زەوی بۆ سەر رووی زەوی دەگوازرێتەوە.
ناحیەی شوان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ ئەم جۆرە ئاودێرییەدا هەیە. تۆمارکردنی ئەم کارێزە لە لیستی جیهانیدا، وای لێ دەکات وەک کەلەپوورێکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و پاراستنی لە فەوتان ببێتە ئەرکێکی نێودەوڵەتی.



