رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دوایین دانیشتنی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوی دیکەی رووداوەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی بەپێی مادەی 56 بەڕێوەبچێت. گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی تۆمەتباران دەڵێت، دۆسیەکە کۆتایی هاتووە و ئەوەی ماوەتەوە بڕیاردانە.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆسیەکە بە مادەی 56 کۆتایی هاتووە و کەس ناتوانێت کەم و زیادی بکات، ئەوەی ماوەتەوە تاوتوێکردنی بەڵگەکان و گفتوگۆی نێوان دادوەرەکانە بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەکە".
دوایین دانیشتنی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی رۆژی پێنجشەممە 08-10-2026 بەڕێوەچوو، تێیدا دادوەری دادگەی تاوانەکانی سلێمانی دانیشتنەکەی دواخست بۆ ئەم پێنجشەممەیە.
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار گوتی: "ئێمە بەڵگەی زۆرمان لە سێ سی دیدا پێشکێشی دادوەران کردووە، کە دەیسەلمێنن لاهوور شێخ جەنگی هیچ کاتێک مەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی نەبووە".
بەگوێرەی پارێزەرانی دۆسیەکە بۆ رووداو، لە 'سی دی'یەکاندا چەند پارچە ڤیدیۆیەک هەن، لەنێویاندا لە یەکێکیاندا تۆمارێکی ڤیدیۆیی بافڵ تاڵەبانییە کە دەڵێت، دەچێتە سەر ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیری دەکات، ئەگەر وەڵام بداتەوە هێرشی دەکەنە سەر. هەروەها یەکێکی دیکە لە ڤیدیۆکان ئەوەیە، گوایە "پێش رووداوەکانی لالەزار بافڵ تاڵەبانی بە 2 ئۆتۆمبێل و بە دەمانچەوە دەچێتە بەردەم ماڵی لاهوور شێخ جەنگی". پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێن، "ئەگەر لاهوور شێخ جەنگی مەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بووایە وەکو ئەمڕۆ لەسەری دادگەیی دەکرێ، ئەو شەوە دەیتوانی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا هێرشی بکاتە سەر."
لەبارەی چاوەڕوانییان بۆ بڕیارەکە، گوتەبێژی پارێزەرانی لالەزار گوتی: "بڕیاردان لەسەر دۆسیەکە دوو رەهەندە، ئەگەر یاسایی بێت ئێمە پێمانوایە هەر 12 کەسەکە بێتاوانییان بۆ دەردەکرێت، چونکە هەر بەڵگەیەک کە تاوەکو ئێستا لەو دۆسیەیەدا خراوەتەڕوو بەگوێرەی یاسا هیچی بڕواپێکراو نین و بۆ ئەوە نین تۆمەتبارانی لەسەر حوکم بدرێت."
دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ داوانامەی خۆیان بۆ ئازادکردنی تۆمەتباران بە فەرمی دەدەنە دادوەرانی دۆسیەکە. گوتیشی: "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگە کۆتایی دێ لەسەر دۆسیەی مادەی 56، ئەگەر بڕیاریش نەدرێ دوای تاوتوێکردنی بەڵگەکان لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێ".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، بەگوێرەی مادەی 182 لە یاسای سزادانی عێراقی، "ئەو بابەتانەی وەکو بەڵگە دژی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دراونەتە دادگە هیچیان بەڵگەی سەلمێندراو نین، بۆیە دادوەرانی دۆسیەکە پێنجشەممە 15-10-2026 لەژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسدان."
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی، دەبێتە 8ـەمین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی.
لە مادەی 56ـدا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و 1 ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4)ـی ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3 کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
دوای دۆسیەی مادەی 56، تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی تۆمەتبارانی لالەزار کراوە، کە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقە و تایبەتە بە کوشتن.



