رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە مووچە و شایستەی دارایی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ناکۆکییە سیاسییەکان و پرسی نەوت و خاڵە سنوورییەکان جیا بکرێتەوە؛ هاوکات پشتڕاستیکردەوە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی باڵای چوارقۆڵی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە نێوخۆییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامی چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە بودجەی 2027ـی عێراق، کۆبوونەوەکانی بەغدا، رەوشی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی دایەوە.
"بودجەی 2027 بەم شێوەیەی ئێستا تێناپەڕێت"
سەبارەت بە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق و ناڕەزایەتیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دڵشاد شەهاب گوتی: "ئەوەی هەیە تەنیا رەشنووسێکی سەرەتاییە و لەلایەن یەک لایەنەوە ئامادەکراوە، بۆیە ئاساییە تێبینی لەسەر بێت. بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هەیە بۆ ئەوەی دەستکاری بکرێت."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق لێبکرێت و گوتی: "ئەگەر عێراق پارەی هەبوو، دەبێت بۆ هەردوولا دابەش بکرێت، ئەگەریش نەبوو بۆ هەردوولا نەبێت؛ نابێت پرسی مووچە ببەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان یان پرسی نەوت، گومرگ و داهاتی نانەوتی."
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆ و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەهاب گەشبینیی خۆی نیشاندا لە بارەی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لەنێوان (نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) گوتی. ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەم ئاستە باڵایەدا بەڵگەی ئەوەیە بەرچاوڕوونی هەیە و زەمینەسازی بۆ رێککەوتن کراوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەسەر قسەکانی نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێری دا کە گوتبووی حیزبەکانی رۆژهەڵات نابەرپرسانە رەفتاریان کردووە.
دڵشاد شەهاب گوتی: "مەبەستی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو قسانە، ئەو نمایشە چەکدارییە فەیسبووکییە بوو کە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە. چونکە ئەگەر هێزێکی راستەقینە بیەوێت ئامانجێکی سەربازی بپێکێت، پێشوەختە لە سۆشیاڵ میدیا نمایش ناکات؛ ئەو جۆرە جووڵانە هەرێمی کوردستان و خودی براکانمان لە رۆژهەڵاتیش دەخاتە مەترسییەوە."
دڵشاد شەهاب دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی لە مافە رەواکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ تاران دەخاتە خزمەت چارەسەری ئاشتییانە، گوتیشی: "خەباتی چەکداری سەلماندی کە لە کۆتاییدا هەر دەبێت بگەنە دەرگەی گفتوگۆ؛ هەرێمی کوردستانیش ئومێدی هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێکی جیهان بێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: کاک دڵشاد، دەمەوێ لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـەوە دەستپێبکەم، زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم پڕۆژەبودجەیە کە ئێستا لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دزەی پێکراوە و ئامادە دەکرێت، ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر ئەم بودجەیە، بابەتی پارە و داراییان رێکدەخەن، بەڵام ئێستا فراکسیۆنی پارتی دەڵێت دەنگی پێ نادەن، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکەش لێی ناڕازین. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەکات بۆ ئەم کێشە نوێیە؟
دڵشاد شەهاب: سوپاس. ئێمە دەمانەوێت ئەرکی ئەو برایانە سووک بکەین، واتە فراکسیۆنە کوردستانییەکان، واتە هەموو فراکسیۆنەکان؛ نەهێڵین ئەم کێشەیە بەو شێوەیە بگاتە پەرلەمان، ئەگینا تەنانەت ئەگەر دەنگیشی پێ نەدەن، دەنگ پێنەدان نابێتە چارەسەر. لەبەر ئەوە دەبێت هەمووان هەوڵ بدەن کە چارەسەری جێگیرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا هەبێت، پێش ئەوەی ببێتە یاسا و بکەوێتە گفتوگۆی نێو پەرلەمانەوە؛ ئەگینا ئەگەر فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەمووشیان دەنگی پێ نەدەن، رەنگە بودجەکە تێپەڕێت، ئەو کات تەنیا وەک تۆمارکردنی هەڵوێستێک دەمێنێتەوە، ئێمەش نامانەوێت بگەینە ئەو حاڵەتە.
بە سرووشتی خۆی ئێستا ئەمە تەنیا رەشنووسێکە، و ئاساییە کە رەشنووسێک ناتەواو بێت، یاخود جێگەی تێبینی بێت چونکە لەلایەن یەک لایەنەوە ئامادە کراوە، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەم رەشنووسە ئامادە کرا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و وەزیرە کوردەکانیش لە بەغدا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، کۆبوونەوەیەکی باش کرا، لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هەیە لەسەر ئەوەی کە گۆڕانکاری لەم رەشنووسەدا بکرێت.
خاڵی هەرە کاریگەر یاخود بڵێین جێگەی سەرنج و جێگەی هەڵوەستە بوو بۆ ئێمە، کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە نزیکەوە لەگەڵ شاندی حکومەت و لەگەڵ بەڕێز زەیدی چاودێریی ئەم بابەتە دەکەن؛ خاڵی یەکەم کە بە لای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە دەبێت ماف و شایستەی فەرمانبەران، یاخود مووچە و شایستەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە. ئاساییە ئەم بابەتەی جیاکردنەوە هەموو جارێک دەگوترێت نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکانەوە؛ کێشە سیاسییەکان لە راستییدا روویان لە چارەسەرە، بەڵام نابێت بە بابەتی گەورەتریشەوە ببەسترێتەوە.
ئەم دڵنیاییە کەی دەدرێت؟ ئەو کاتەی کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پێکەوە بن؛ ئەگەر عێراق پارەی هەبوو، مووچەی فەرمانبەرانی خۆی و هەرێمی کوردستانیش دابەش دەکات، ئەگەریش نەبوو، کورت و پوخت ئەمە بابەتێکی ترە کە چاوەڕوان دەکرێت هەبێت و باش بێت. نابێت ببەسترێتەوە بەوەی کە ئایا بەیانی لە سیستەمی ئەسیکۆدا، یان گومرگ، یان نازانم چی و کوێ گرفت دروست دەبێت. ئێستا کارکردن بەو ئاراستەیەیە و ئەو بۆچوونەش جێگەی خۆی هەیە. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزە، پابەندییەکانمان بەجێگەیاندوون؛ داتا و هەموو زانیارییەکان، هەر پابەندییەکی یاسایی کە کەوتبێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، هەمووی جێبەجێ کردووە. ئێمە لە تێڕوانینی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی و لەو ئامادەکاری و هەنگاوانەی کە دەنرێن زۆر گەشبینترین لەوەی کە لەو رەشنووسەدا هاتووە؛ دڵنیا بن ئەو رەشنووسە بەو شێوەیە تێناپەڕێت.
رووداو: باشە، لە دوایین سەردانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، بەشداری کردبوو لە رۆژی سەروەریی عێراق، لەوێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی عێراق کۆبووەوە، باسی چی کرا؟
دڵشاد شەهاب: دەزانی بابەتی سەروەری، با بڵێین بەو بۆنەیەوە کە ناوی لێنراوە و بۆنەیەکی لەو شێوەیە رێکخرابوو، لە سەرەتادا بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بوو کە پەیامێکی ئەرێنی بوو بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی بەڕێز زەیدی، کە ئەویش چەند تەوەرێکی گرنگی پەیوەندیداری بە هەرێمی کوردستان و بە سەرانسەری عێراقەوە لەخۆگرتبوو؛ یەکێک لەوانە بابەتی داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە بوو کە لە دەرەوەی یاسان، ئەم بابەتە زۆر بە جیددی باس کرا لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیشدا -هەرچەندە نازانم مۆڵەتم هەیە باسی بکەم یان نا، چونکە راگەیاندن و کەسانی دیکەی لێ نەبوو-، زۆر جەختی لەسەر کرایەوە. سەرۆکوەزیران گەشبین بوو و بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش زۆر دووپاتی ئەو پشتیوانییەی کردەوە، تەنانەت باسی هەندێک وادەش کرا، هیوادارم ئەگەر لەو کاتانەشدا ئەم کارە پێویست و گرنگە سەر بگرێت، هەر کارێکی باشە؛ گرنگ ئەوەیە کە بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن.
باسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت کرا، واتە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە هەن. باسی ئەو ئامادەکارییانە کرا کە بە هاوبەشی لەنێوان هاوکاریی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی عێراقیدا پێویستن بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دروستبوونی بۆشایی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. لە هەموو ئەو پرسانەشدا کە باس کران، لە راستییدا پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانمان، چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەسەر کۆمەڵێک پرسی هاوبەش، بۆچوونەکان زۆر زۆر واقیعی بوون؛ بیروبۆچوونی سەرۆکوەزیران بۆچوونی باشن، بۆیە ئێمەش پشتیوانی لێ دەکەین و ئومێدمان وایە کۆمەڵێک لەو گرفتانەی لە رابردوودا بەردەوام دووبارە دەبوونەوە، لە سەردەمی حکومەتەکەی بەڕێز زەیدیدا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
رووداو: بەڵام پێموایە لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەوڵێکی بەردەوام هەیە لە بەغداوە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتەکانیشی. ئەمە پەیوەستە بە دۆخی هەرێمییەوە یان ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی تاوەکو چەند هەرێمی کوردستانی بەرامبەر بە بەغدا لاواز کردووە؟
دڵشاد شەهاب: دەزانی خۆی بێگومان، ئەگەر ئێستا ئێمە پەرلەمانێکی کارامان هەبووایە، حکومەتێکی متمانەپێدراومان لە پەرلەمانی نوێ و دوای هەڵبژاردن هەبووایە، بێگومان هەڵوێستی ئێمە بەهێزتر دەبوو. بڵێم کاریگەریی نەبووە؟ نەخێر، بەڵێ کاریگەریی هەبووە، بەڵام دیوێکی دیکەشی هەیە: لە پرسە چارەنووسسازەکانی پارێزگاریکردن لە پێگە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان وەک یەک قەوارە دەرکەوتووە، وەک دامەزراوەی فەرمی دەرکەوتووە؛ واتە ئەو کەشە دابەشبووە سیاسییەی کە لێرە و لە راگەیاندنەکانماندا یان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەستی پێدەکرێت، لە راستییدا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدادا ئەم کێشەیە کەمترە و دەرکەوتنی ئێمە وەک یەک هەرێم بووە.
تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لەو پرسانەی کە پەیوەستن بە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، هیچ لایەنێک بە تەنیا نەچووە مامەڵە بکات؛ ئەوانەی چوون، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون و هەر جارەش بەپێی پسپۆڕی و پێداویستی، لایەنەکانیش لەنێو حکومەتدا بەشدار بوون. بۆ نموونە: وەزیری دارایی کاتێک رۆیشتووە، سەرۆکایەتیی شاندەکەی کردووە و بە ناوی حکومەتەوە چووە؛ وەزیری ناوخۆ بە ناوی حکومەتەوە چووە؛ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی دیوان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی پلاندانان و ئەوانی دیکەی تێدا بووە، هەموو ئەو ئامادەبوونانە وەک یەک تیم بوون.
دەزانی ئەمە ململانێیەکە؛ بنەڕەتی ململانێکە لە چیدایە؟ دەستوور چوارچێوەیەکی گشتیی داناوە بۆ چارەسەری ئەم بابەتانە، بەڵام بە راستی تا ئەم ساتەش دەستوور -کەمە بڵێین جێبەجێ نەکراوە-، تەنانەت بە زمانێکی سادە ورد نەکراوەتەوە؛ چونکە لە هەموو ماددە بنەڕەتییەکانی دەستووردا دەڵێت ئەم بابەتە بە یاسایەک رێکدەخرێت، بەڵام ئەم یاسایانە دەرنەچوون. دەستوورێک هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک یاسای کۆنیش هەن کە تاوەکو ئێستا کاریان پێدەکرێت. ئەو یاسایانە هەموویان هێشتا لەسەر بنەما کۆنەکەی ناوەندێتی و دەسەڵاتی ناوەندی بنیات نراون؛ بەڵێ، ئەمانە هێشتا ماون. بەڵام ئەگەر بڵێین هەوڵێک هەیە، ئەو ململانێیە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئێمە دەبینە خاوەنی دەستووری خۆمان و خۆمان پارێزگاری لە مافەکانی خۆمان بکەین، هەمیشە ئەو مەترسییە دەمێنێت. بەڵێ ئەم ململانێ و مەترسییە هەیە، بەڵام لە بەرامبەریشدا ئامادەبوونێکی بەهێز لە رووی یاسایی و لە رووی ئامادەکارییەوە هەیە.
من لەو ئاستەدا نایبینم کە بڵێین پیلانگێڕیی هەیە بۆ نەهێشتنی هەرێمی کوردستان؛ چونکە کەسانی هۆشیار ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا هەن کە لە 100 ساڵی رابردوودا وانەیان وەرگرتبێت. ئەگەر بگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا و دیسانەوە بڵێنەوە با کورد بە چاوێکی دیکە سەیر بکرێت لە عێراقدا، دڵنیام ئەوە نە گونجاوە و نە دەشکرێت رووبدات؛ نە کوردستان لە دۆخێکی وا لاوازدایە و نە ئەوانەشی بەو جۆرە بیر دەکەنەوە ئەو هێزەیان لە بەغدا هەیە. رەنگە دەنگی لاواز لێرە و لەوێ هەبن، بەڵام لە بەرامبەردا دەرفەتی جێگیربوونی مافەکان زۆر زیاترە لەو مەترسییانەی کە هەن.
رووداو: بەڵام ناوخۆی خۆمان ناوخۆیەکی زۆر باش نییە، هاوڕاین لەسەر ئەمە و زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بەپێی زانیارییەکانم بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لەنێوان بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکرێت. ئەمە دەبێتە کۆبوونەوەی بڕیاردان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان؟ خەڵک لە کوردستان گەشبین بن؟
دڵشاد شەهاب: خۆی هەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، کە من پێموایە کەم تا زۆر لەسەر زاری بەڕێزانەوە ئاماژەی پێکراوە کە کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت، هەر ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەنیا لەبەر ئەوە نییە بڵێین کارێکی باشە؛ ئەگەر تەنیا یەکتربینین بێت، هەمیشە پەیوەندی هەیە و دوێنێ و پێرێ بە دەیان کاتژمێر پێکەوە بوون و گفتوگۆ دەکەن و بیروڕای جیاواز لەگەڵ یەکتر دەگۆڕنەوە. بەڵام دانیشتن لە ئاستێکی ئەوەندە باڵادا، بە دڵنیاییەوە بەرچاوڕوونییەکی تێدایە، رێگایەک دیاریکراوە کە بەرەو کوێ دەڕۆن، منیش تێیدا بڕوام وایە و بە گەشبینییەوە سەیری دەکەم، ئەگەر زەمینەیەکی لەبار نەبووایە بۆ ئەوەی دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت، رێی تێ نەدەچوو. بۆیە بەڵێ، بە گەشبینییەوە لێی دەڕوانم.
رووداو: باسی دەیان کاتژمێر گفتوگۆت کرد، لە دوو رۆژی رابردوودا دیداری مێری دەرفەتێک بوو بۆ گفتوگۆ و زۆر زانیاری هاتە ئاراوە، بەڵام هاوکات کاتێک کۆبوونەوەیەک لە هەولێر دەکرێت، لایەنە سیاسییەکان لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە تێیدا بەشدارن، دەبینین کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە، ئەوانەی ئەگەر دەرفەتی بەشدارییشیان نەبێت، حەز دەکەن بەشدار بن، ئەگەر بەشدارییان پێ نەکرێت گلەیی دەکەن. ئەمە لایەنێکی باشی هەیە، نیشانەی بەناوەندگرتنی هەولێرە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. بەڵام ئەمجارە گلەیی هەبوو، بارەگای بارزانیش دوێنێ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد کە فرەیی سیاسی لە هەموو پارچەکانی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە، و نوێنەرایەتیی هەموو پارچەکان نەکراوە، بۆیە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەم بارەیەوە، بۆچوونی خۆت؟
دڵشاد شەهاب: نیگەرانییەکە ئاراستەی دیداری مێری کراوە؛ من لە جیاتی مێری وەڵام نادەمەوە، بەڵام شتێک دەڵێم: ئەو نیگەرانییە ئەگەر لە دوو روانگەوە سەیر بکەین: بارەگای بارزانی ماڵی کوردانە، لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە رووی تێدەکرێت و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە؛ شوێنێک هەبێت کە پێگە و بایەخی بەڕێز سەرۆک بارزانی، مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە پەیوەندییەکی باشی دراوسێیانە لەگەڵ هەمووان تێیدا بێت. زۆر گرنگە تۆ بتوانی هاوسەنگییەک لەنێوان هەموو ئەم شتانەدا رابگری، کە دراوسێکانیشت رازی بن و گەلی خۆت و نەتەوە و براکانی خۆشتی تێدا بپارێزیت. من ئەوەی لێی تێگەیشتم ئەوەیە کە بەشێک لە لایەنە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، چاوەڕوانیی بەشداربوونیان هەبووە و گلەیی خۆیان گەیاندووەتە ئەوێ، زۆر باشە کە شوێنێک هەبێت گلەیی و گازندەی کوردانی لێ وەربگیرێت.
زۆریش گرنگە کە ئەم دیدارانە، ئەمەیان بێت یان دیداری دیکە، لە هەولێر بەڕێوەبچن و هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان تێیدا کۆببنەوە و باسی یەکپارچەیی و یەکڕیزیی کورد بکرێت، بەبێ ئەوەی ئەم باسکردنە ببێتە هەڕەشە یان جێگەی نیگەرانی. من ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، ئەو کاتەی کە بەڕێز هاوسەرۆکی دەم پارتی قسەی دەکرد، کونسوڵی تورکیاش لە هۆڵەکەدا دانیشتبوو زۆر ئاسایی بوو؛ ئەو رازی دڵی خۆی و دەربڕینی خۆی گوت، و بۆچوونی ئەرێنیش لەلایەن ئامادەبووانەوە هەبوون. بە کورتی دەڵێم، پێموایە ئەو بەدەنگەوەهاتنە، بەدەنگەوەهاتنێکی دروستە. مافی هەمووانیشە رێز لەو بیروبۆچوونانە بگرن، و کاتێک دەرفەت دەڕەخسێت، دەبێت دەرفەت بۆ هەمووان بێت، بۆچوونم بەم جۆرەیە.
رووداو: پرسیارێک لەبارەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە؛ کاک دڵشاد، بەڕێزت گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیت و ئاگاداریت کە رستەیەکی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی وتارەکەیدا لە مێری، کە گوتی "حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نابەرپرسانە رەفتاریان کرد"، ئەمە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی نیگەران کرد، لە کاتێکدا کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات بە درێژایی ئەم ماوەیەی کە شەڕ هەبوو چەندین جار رایانگەیاند کە ئەو شەڕە شەڕی ئەوان نییە و نابنە بەشێک لێی؛ تەنانەت بەڕێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە دەستپێکی شەڕەکەدا گوتی: "ئێمە شەڕی بەوەکالەت ناکەین". ئایا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هەڵوێستی ئەم دوو حیزبە سەرەکییەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە؟
دڵشاد شەهاب: بەر لەوەی بچمە نێو وەڵامەکەوە: سەرەتا ئێمە دەبێت باسی هەڵوێست و پێگەی هەرێمی کوردستان بکەین. وەک کوردێک و پێموایە بۆ بەڕێزت و سەرجەم ئەو بینەرانەی گوێبیستی دەنگمانن، ئەمە خۆپەرستی نییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە کاتێک دەڵێین ئەو بەرهەمەی کە ئەنجامی خەباتی سەدان ساڵەی کوردانە و لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بووە و ئێستا لە دەستووری عێراقدا چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دانراوە لە ناوچەیەکی هەستیاری پڕ لە کێشە و ئاڵۆزیدا، پارێزگاریکردن لەم ئەزموونە دەبێتە ئامانجی سەرەکیی هەموو ئەوانەی کە بە دڵسۆزییەوە بۆ کوردایەتی دەڕوانن، نەک تەنیا کورد بەڵکو دۆستانی کوردیش بەو چاوەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستوور، ئەرکی یەکەمی ئەوەیە پارێزگاری لەم هەرێمە و لە بەرژەوەندییەکانی بکات. لە پاڵ ئەوەشدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئەو هەنگاوانەی کە ناویەتی، بە شێوەیەکی بوێرانە بەدەم مافی کوردەوە هاتووە لە هەر شوێنێک کە هەبێت، بەڵام هەر یەکەیان بەپێی بارودۆخ و کاتی گونجاو. ئەگەر سەیری دەستکەوتەکان بکەین لە رۆژئاوای کوردستان یان پرۆسەی ئاشتیی تورکیا؛ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بیکات، لە رێگەی پەیوەندیی باش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەوە بووە و ئەو پەیوەندییە باشەشی خستووەتە خزمەت ئەوەی کە سوودی بۆ براکانمان هەبێت.
کاتێک لە سووریادا گۆڕانکاری روویدا، لە عێراق هێشتا پرسیار لەسەر ئەوە هەبوو کە ئایا مامەڵە لەگەڵ سووریای نوێ دەکرێت یان نا، هەندێک لە سیاسەتوانانی عێراق دەیانگوت بەڕێز شەرع لە نێوەندەکانی عێراقدا پێشوازیی لێ ناکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن؛ لەو رۆژانەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی سووریا کرد و دواتریش دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز شەرع کرد. ئەو پەیوەندییە بەردەوامە و ئەو دڵنیاییدانە نموونەیەکە بۆ ئەوەی ئێمە بە جیهان، بە دراوسێکانمان، بە گەلانی ناوچەکە، بە تورک، عەرەب، فارس و گەلانی دیکە بڵێین: ئەگەر کورد دەرفەتی خۆبەڕێوەبردنی هەبێت کە ئەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کورد نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ کەسێک و کوردستان نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەنێک. ئەم پەیوەندییە باشە وایکرد لە دوو دانیشتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز شەرعدا، من خۆم ئامادە بووم کە گفتوگۆ لەسەر وردەکاریی چۆنیەتیی بەهێزکردنی زمانی کوردی لە سووریا کرا؛ ئەگەر ئەم تێڕوانینە نەبووایە رەنگە ئەوانیش ئامادە نەبوونایە بۆ ئەم هەنگاوانە.
ئەو رۆڵەی ئێستا لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا دەبینرێت، دەرەنجامی متمانەیەکە کە هەردوولا قبووڵیانە؛ چونکە سیاسەتێکی دروستە، هەم بەرگری لە براکانمان دەکەین لە تورکیا، بەڵام چۆن؟ بە هاوکاریکردنیان بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتییانە و لە رێگەی دیالۆگەوە بگەن بە مافەکانیان. سەردەمی چەک و هەڕەشە و رووخانی دەوڵەت نەماوە و داتاکان ئەوە دەسەلمێنن.
حەقیقەتێک هەیە دەمەوێت باسی بکەم: لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە لە کۆتایی مانگی شوبات، کاتێک ئەگەری شەڕ هەبوو، دەیان دەزگای راگەیاندنی باوەڕپێکراوی جیهانی هاتنە هەرێمی کوردستان؛ هاوڕێیەک ئامارێکی پێدام کە تاوەکو ئێستا 45 ئاژانسی هەواڵی جیهانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هەموویان بەدوای ئەوەوە بوون وێنەیەک دروست بکەن گوایە هەرێمی کوردستان دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ. لای ئێمە لە سەرۆکایەتی چاوپێکەوتنیان کردووە و پرسیویانە هەڵوێستی هەرێم چییە؟ پاش یەکەم لێدان کە شەڕ دەستیپێکرد، ئێمە گوتمان بێلایەن دەبین؛ کەچی ڤیدیۆیان نیشانی ئێمە دەدا و دەیانگوت بێلایەنیی چییە، ئەوەتا هێزە کوردییەکان لە فڵان و فیسار شوێن خۆیان نمایش دەکەن و ئامادەن!
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە باسی کرد، مەبەستی لەم جۆرە نمایشە بوو وئەوانەشی نمایشەکەیان کرد خۆیان لەمە تێدەگەن! قسەکەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو: ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانکرد و باسیان دەکرد، واتە ئەو نمایشە؛ چونکە ئەگەر هێزێکی راستەقینە بیەوێت ئامانجێکی سەربازی بپێکێت، ناچێت پێشوەختە لە سۆشیاڵ میدیا نمایش بکات و خۆی و هەرێمی کوردستانیش بخاتە مەترسییەوە. ئێستاش و سەد جاری دیکەش، ئێمە پێمانوایە ئەو نمایشە بە زیانی براکانمان لە کوردستانی ئێران، بە زیانی هەرێمی کوردستان و بە زیانی ناوبانگی کوردیش کۆتایی هات؛ چونکە لە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتیدا نییە کە تۆ لە ماڵی کەسێکدا بیت و لەوێوە پەلاماری دراوسێکەی بدەیت، هیچ کەس ئەوە قبووڵ ناکات و هەرێمی کوردستانیش قبووڵی ناکات.
ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی هەڵوێستێکی یاساییە؛ عێراق رێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ ئێراندا هەیە و هەرێمی کوردستانیش بەشدارە تێیدا. لە قۆناخێکدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە سوپاسی ئەو هێزانەش کراوە کە هاوکار بوون، ئەمەش پێش رووداوەکان بووە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەمە نادیدەگرتنی مافی براکانمان نییە لە کوردستانی ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راشکاو پێشتریش ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە دەبێت رۆژێک بێت بەپێی تایبەتمەندیی ئەو وڵاتە و بە شێوازێکی گونجاو مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.
سەرۆکی هەرێم لە هەموو وتارەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە: رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارام و سەقامگیر نایەتە کایەوە تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەبێت. کێشەی کوردیش بە نکۆڵیکردن و بە شەڕ چارەسەر نابێت، لە هەمان کاتیشدا بە نمایشی فەیسبووکی چارەسەر نابێت. هەمیشە ئەم مافانە جێگەی بایەخی ئێمەن. ئەو پەیوەندییە باشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تاران هەیەتی، دەبێت هەمووان هاوکار بن تاوەکو بخرێتە خزمەت چارەسەری ئاشتییانەی پرسی براکانمان لەوێ.
بۆیە پۆلێنکردنەکە لای ئێمە روونە: ئەوانەی لە خەمی برایەتیی نێوانمان و دڵسۆزیی کاک نێچیرڤاندان بۆ دۆزی کورد، ئێمە رێز لە بۆچوونیان دەگرین و دڵنیایان دەکەینەوە کە پاراستنی مافی ئەوان لە کارە لەپێشینەکانیدایە، بەڵام ئەگەر مەبەستی دیکە لە پشت کارەکان بێت وەک ئەوەی لە فەیسبووکدا کرا، بە لای ئێمەوە شایستەی قسەلەسەرکردن نییە.
رووداو: کەواتە دوو پرسیارم ماوە بە کورتی؛ روونە کاک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟
دڵشاد شەهاب: تاوەکو پێش ئەو شەڕەی لە ناوچەکەدا روویدا، پەیوەندیی فەرمیی ئێمە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بووە کە هەرێمی کوردستان نوێنەری فەرمیی تێیدا هەبوو. پێش هەڵگیرسانی شەڕ، کاتێک چووینە تاران، دەسەڵاتدارانی ئێران سوپاسی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیان کرد لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەدا، بەشێک لەو بەڕێزانەی حیزبەکانیش هاوکار بوون لەو پرۆسەیەدا؛ چونکە ئەگەر براکانمان لە رۆژهەڵات هاوکار نەبوونایە، رێککەوتنەکە بەو ئاسانییە جێبەجێ نەدەبوو. هیوای ئێمە ئەوەیە براکانمان لە هەموو شوێنێک رەچاوی تایبەتمەندی و پێگەی فەرمی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی بەرامبەر عێراق و دراوسێکانمان بکەن؛ چونکە لە کۆتاییدا کورد لە هەموو پارچەکان سوودمەند دەبێت کاتێک هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
رووداو: لە دیداری مێریدا کاک نێچیرڤان گوتی: "هیوایەک هەیە بۆ رۆژهەڵات" و بە بەرپرسانی ئێرانیشی گوتووە کە کێشەی کورد بە نکۆڵیکردن چارەسەر نابێت. ئایا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت زەمینەی دانوستاندن لەنێوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڕەخسێنێت؟
دڵشاد شەهاب: ئێستا دۆخێکی نائاسایی لە ناوچەکەدا هەیە، شەڕ و ئاڵۆزییە و لە کاتێکی وادا ناکرێت دەستبەجێ پرۆسەیەکی نوێ دەستپێبکات، بەڵام ئەمە ئامانجە و رۆژێک دێت دەبێتە راستی. ئەمەش بە هۆشیارییەوە دەبێت لە رێگەی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە دۆستانەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران. دڵنیام ئەم پەیامە تەنیا بۆ ئەو کەسانە بووە کە ویستوویانە بۆ نمایشێکی بێئەنجام دۆخەکە تێکبدەن، ئەگینا لایەنە سەرەکییەکان بایەخی دۆخەکە دەزانن و ئێمەش رێزمان بۆ هەڵوێستیان هەیە.
رووداو: ئێران تەنانەت چەند رۆژێک لەمەوبەر لە 8ی ئەم مانگەدا کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەولێر بۆردوومان کرد، کە ژن و منداڵی تێدایە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێداناوە، لە کاتێکدا حیزبەکان دەڵێن کاری چەکداری ناکەن؛ ئایا ئێران بە ئێوەی گوتووە کەی ئەم هێرشانە رادەگرێت؟
دڵشاد شەهاب: ئەمە دۆخێکی نائاساییە. هەرچی لە ئەنجامی شەڕدا رووبدات، لە لای ئێمەوە شوێنەکانی ئێمەش بۆردوومان کراون بێ ئەوەی لایەنگری هیچ لایەک بووبین، چەندین پەیامیش لەوبارەیەوە گۆڕدراونەتەوە. کاتێک لە نێو جەرگەی ئاڵۆزییەکی گەورەدایت، مەحاڵە پریشکی شەڕت بەرنەکەوێت. سەرەڕای رووداوەکان، ئێمە پێمان وانییە ئەم قوربانییانە رەوا بن یان شایستەی ئەوە بین ببینە قوربانی، بەڵام هێشتا پێموایە کەمترین زیان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.
رووداو: لەسەر پریشکەکە هاوڕات نیم؛ ئەمریکا شەڕەکەی هەڵگیرساندووە و 23 سەربازی کوژراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 32 کەس شەهید بوون و 156 کەس بریندارن، واتە قوربانییانی کوردستان لە تەواوی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکاش زیاترن کە ژن و منداڵ و پێشمەرگەی تێدایە...
دڵشاد شەهاب: لە هەموو ئەو رووداوانەدا هەرێمی کوردستان هەڵوێستی روونی هەبووە؛ ئێمە پاساو بۆ خەڵک ناهێنینەوە تاوەکو هاووڵاتییانمان بکوژێت! بەیاننامە، ناڕەزایەتی و هەڵوێستمان هەبووە و رووبەڕوو بە دۆستانمان لە جیهان و بە دراوسێکانمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان گوتووە، مشتومڕی زۆر قورسیش لەسەر ئەم پرسانە کراون تاوەکو هەڕەشەکان نەمێنن. داوای پاساو لە من مەکە وەک ئەوەی من بڕوام پێی هەبێت! من دەڵێم ئێمە لە نێو جەرگەی رووداوەکانداین، شەڕ لەسەر سنوورەکانمانە و درۆن و مووشەک بە ئاسمانماندا هاتوچۆ دەکەن. لە هەموو ئەو رووداوانەشدا هەرێمی کوردستان بە فەرمی پارێزگاریی لە خاک، هاووڵاتییان و پەنابەرەکانیشی کردووە.
رووداو: ئایا ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنییەوە داواکارییەکی نوێی لەسەر حیزبەکانی رۆژهەڵات هەیە؟
دڵشاد شەهاب: تاوەکو پێش شەڕ، دەسەڵاتدارانی تاران بە رێزەوە دەیانڕوانییە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و هەموو شتێک بەباشی دەڕۆیشت، بەڵام لە کاتی شەڕدا کاردانەوەی سەربازی دروستبوو بەرامبەر ئەو لێدوان و نمایشە بێئەنجامانەی کە کران. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا بڕیاری هەرێمی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لەم شەڕە لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان و براکانمان لە رۆژهەڵات دروست بوو یان نا؟ بە بڕوای من ئەمە قورسترین تاقیکردنەوە بوو و زۆر بە سەرکەوتوویی لێی دەرچووین و براکانمان لە رۆژهەڵاتیش لێی سوودمەند بوون. بەڕێز تونجەر لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە لەسەر ئاستی جەماوەری لە باکووری کوردستان زۆر بە پێزانینەوە لەو هەڵوێستەی کوردیان روانی کە لە شەڕێکی ئاڵۆزدا خۆی نەکردە لایەنگر.
رووداو: بەڕێز دڵشاد، چ دڵنیاییەک دەدەیت کە هاوکاریی باشووری کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت؟
دڵشاد شەهاب: راستییەکان لەسەر بنەمای رووداوەکان دەسەلمێنرێن؛ ئەو هەنگاوانەی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیی براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان ناویەتی، یان ئەو رۆڵەی لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا دەیبینێت، بەڵگەی ئەو بڕوایەن. ئەزموونی دەیان ساڵەی خەبات و شاخ و چەکداری سەلماندی کە تەنیا دەرگەی گفتوگۆ دەمانگەیەنێتە چارەسەری کۆتایی. بڕوامان وایە رۆژێک دێت دەرفەت بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتیش دەڕەخسێت، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ئەو متمانە و پێگە باشەی لەگەڵ دەسەڵاتداران و گەلانی ناوچەکە هەیەتی، هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ. بۆ جیهانمان سەلماندووە کورد دەسەڵاتیشی هەبێت نابێتە مەترسی بۆ سەر کەس و دەستی ئاشتی درێژ دەکات، بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش دەتوانین بەردەوام بین لە گێڕانی ئەم رۆڵە.
رووداو: کەواتە پێت وایە هەرێمی کوردستان باشترین پشتیوانە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان؟ خەڵکی رۆژهەڵات دەڵێن هەست بە تەنیایی دەکەین و ئومێدمان بە هەرێمی کوردستانە.
دڵشاد شەهاب: بڕوای من وایە هەرێمی کوردستان باشترین پشتیوانە بۆ هەر کوردێک لە هەر شوێنێک بێت. وەک چۆن لە واشنتن، ئەورووپا و دوورترین شوێنەکانی جیهان هەموو کوردێک بە چاوی ئومێدەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی ئومێدە بۆ هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک بێت، بە براکانمان لە کوردستانی ئێرانیشەوە.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم، بەڕێز دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە بەشدار بوویت لە رووداوی ئەمڕۆدا.
دڵشاد شەهاب: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، خۆشحاڵ بووم.
