رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک بە هاوکاریی پێشمەرگە چوار کەسی دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە ئەو هێرشەی بە ئاڕ پی جی کرایە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە ناحیەی قەرەهەنجیر.
چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026 عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزەکانی پۆلیس چوار کەسیان دەستگیرکردووە کە بەشدار بوون لەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیر کرا و چەکی قورسیان بەکارهێناوە".
ئەو چوار کەسە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابیان پێ بووە، شەوی 13ـی تشرینی یەکەم لە ناحیەی قەرەهەنجیر دەچنە سەر ماڵێک لە گوندی خاڵۆبازیانی سنووری پارێزگای کەرکووک و بە ئاڕ پی جی لە ماڵەکە دەدەن، دیمەنەکانیشی لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە.
عامر شوانی رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، بەو پێیەی ناوچەکە لە سنووری بەرپرسیارێتیی پێشمەرگە و کارگێڕیی پارێزگای کەرکووکە، هەروەها ئەو رووداوەش بەهۆی ناکۆکیی پێشووی نێوان هێرشبەران و ماڵەکە بووە.



