رووداو دیجیتاڵ
لە پانێڵێکی دیداری مێری، شارەزایانی سەربازی و سیاسی تاوتوێی داهاتووی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد. لەکاتێکدا بەغدا جەخت لە ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی یاسا دەکاتەوە، شارەزایانی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن کە هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەدا ماون.
ئەمڕۆ سپێشەممە 13-10-2026، لە دیداری مێری لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی (دوای هاوپەیمانان؛ عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوسەنگییە هەرێمییە نوێیەکان) کە رۆژنامەڤان هیوا مەحموود عوسمان بەڕێوەیبرد، هەریەکە لە سەرهەنگ حەمەسەعید، شارەزای گفتوگۆ و ئاشتیسازی؛ جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دۆخەکەیان تاوتوێ کرد.
بەڕێوەبەری پانێڵەکە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و گوتی، ئەم دانیشتنە تیشک دەخاتە سەر بەشێک لەو بابەتانەی لە ماوەی داهاتوودا رووبەڕوویان دەبنەوە، چونکە پێشهاتی زۆر لە عێراق و کوردستاندا روویانداوە، چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی سیاسییەوە.
هیوا مەحموود عوسمان بەم شێوەیە میوانەکانی ناساند و گوتی، سەرهەنگ حەمە سەعید کە لە واشنتنەوە هاتووە و پێشتر لە پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا بووە لە واشنتن نیشتەجێیە؛ هەروەها جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەیە و خانەنشین بووە؛ هەروەها میوانێکی دیکە سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
"ئەمریکا وەڵامی سەدری نەداوە"
لە پرسیاری یەکەمدا هیوا مەحموود عوسمان رووی کردە سەرهەنگ حەمەسەعید و گوتی: "تۆ لە واشنتنەوە هاتووی، چاودێری عێراق دەکەی. لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە پەیامێکی سەرسوڕهێنەر لە موقتەدا سەدرەوە بۆ ئەمریکا هەبوو کە سەدر لە باکگراوندێکی ئۆپۆزیسیۆنەوە هاتووە و دۆستی ئەمریکا نییە، بەڵام پێشنیازی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکات لەگەڵ ئەو وڵاتە. ئایا ئەمە چۆن لە واشنتن شیکاری بۆ دەکرێت؟
سەرهەنگ حەمەسەعید لە وەڵامدا گوتی: "پەیامەکەی بەڕێز موقتەدا سەدر دوای ماوەیەکی درێژ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دێت و رۆیشتنی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بەشێکە لەو پەیوەندییە، رەنگە لە ساڵی 2003ـەوە دوودڵی لەو پەیوەندییەدا هەبووبێت، پچڕانی پەیوەندییەکانیش چەند پێشهاتێک و هەندێک نامەی هۆشداری تێدا بوو."
ئەو شارەزایەی ئاشتیسازی ئاماژەی بەوە کرد، پەیامەکەی سەدر زۆرێک لە چاودێرانی تووشی سەرسوڕمان کرد، چونکە پێشتر هەمیشە هەڵوێستی جیاوازی هەبووە؛ گوتیشی: "پێم وایە خاڵی سەرەکی ئەوەیە پەیامەکەی بەڕێز سەدر بۆ ئەمریکایە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێ بۆ ئێران و لایەنەکانی دیکەش بێت. وەک ئاماژەیەک کە ئەو بەشێکە لە چارەسەر و ئەمریکاش تێدەگات کە لایەنە شیعەکان هەمیشە یەک هەڵوێستیان نەبووە بەرامبەر ئەمریکا."
سەرهەنگ حەمەسەعید روونیکردەوە، عێراق لە دۆخێکی جیاوازدایە و سەدر دەیەوێ بگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی، نایەوێ دوورەپەرێز بێت و دەیەوێ رۆڵی هەبێت لە داڕشتنی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا، کە ئەمەش جیاوازە لە هەڵوێستەکانی پێشووی، بەتایبەتی لە سەردەمی رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێوان سوپای مەهدی و هێزەکانی ئەمریکا.
سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن، سەرهەنگ حەمەسەعید رایگەیاند، رەنگە واشنتن ئەم پەیامە وەک دەرفەتێک ببینێت، بەڵام بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، نایەوێ زۆر پەلە بکات لە وەڵامدانەوە یان پێشوازیکردن، چونکە پێشتر ئەزموونی جیاوازیان لەگەڵ سەدر هەبووە، بۆیە چاوەڕێی هەنگاوی کرداری دەکەن، نەوەک تەنیا پەیام، چونکە دەزانن سەدر هێزێکی گەورەی جەماوەریی هەیە و دەتوانێت کاریگەریی گەورەی هەبێت. لە هەمان کاتدا واشنتن بە وردی چاودێریی دەکات بزانێت گرووپە چەکدارەکانی دیکە چۆن سەیری ئەم پەیامە دەکەن و ئایا دەبێتە هۆی زیاتر نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوە لەنێوان لایەنە شیعەکان.
سەرهەنگ حەمەسەعید هۆشداری ئەوەی دا کە ئەمریکا نایەوێ کشانەوەکەی ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی کە گرووپە چەکدارەکان یان داعش بیقۆزنەوە. گوتیشی، بۆ واشنتن هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق زۆر گرنگن و دەیانەوێ بزانن سەدر چ رۆڵێک دەگێڕێ، ئایا دەگەڕێتەوە و هەوڵ دەدات حکومەت پێک بهێنێت؟ ئەو شرۆڤەکارە پێی وابوو ئەم پەیامە رەنگە هەنگاوێکی پێشوەختە بێت بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان و هەوڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر بزووتنەوەی سەدر لە کاتی پێکهێنانی حکومەت. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە پەیامەکە لە واشنتن وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی سەیر دەکرێ، بەڵام بە گومان و وریاییەکی زۆرەوە و واشنتن زیاتر سەیری کردارەکان دەکات.
ئامادەیی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ قۆناخی نوێ
بەڕێوەبەری پانێڵەکە پرسیاری ئاراستەی جەبار یاوەر کرد لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی هاوپەیمانان، بەتایبەتی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکارییەکانیان و لێی پرسی: "ئایا هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەن بۆ ئەم قۆناخە نوێیە؟ ئایا دەتوانن بەبێ بوونی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و رووبەڕووی پاشماوەکانی داعش ببنەوە؟"
جەبار یاوەر لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە دەبێت بزانین کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵی 2014ـەوە ئەزموونێکی زۆریان پەیدا کردووە لە شەڕی دژی داعش، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هێشتا پێویستیان بە هاوکاریی هاوپەیمانانە، بەتایبەتی لە رووی ئاسمانی، هەواڵگری و لۆجستییەوە."
ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، راستە ئێستا داعش ئەو هێزەی جارانی نەماوە کە بتوانێت شارەکان داگیربکات، بەڵام هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و بە شێوەی شانەی نووستوو لە زۆر ناوچەدا هەیە، کە سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان وەردەگرێ.
بە گوتەی جەبار یاوەر، کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان یان گۆڕینی ئەرکەکانیان دەبێت زۆر بە وردی و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەرنا رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسیی نوێ؛ هەروەها گوتی پێشمەرگە هێشتا پێویستی بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردنە و هاوپەیمانان دەتوانن لەم بوارەدا رۆڵی سەرەکی بگێڕن تەنانەت ئەگەر هێزی شەڕکەریشیان نەمێنێت.
خاڵێکی دیکەی کە جەبار یاوەر باسی کرد، کێشەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و گوتی: "ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و دەبێت چارەسەر بکرێ، چونکە داعش زۆرجار ئەم ناوچانە وەک پەناگە بەکاردەهێنێت. بۆیە پێش ئەوەی بیر لە کشانەوەی هاوپەیمانان بکەینەوە، دەبێت ئەم کێشانە لە نێوخۆی عێراقدا چارەسەر بکرێن و میکانیزمێکی هاوبەش و بەهێز بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە دروست بکرێت."
چەکی دەرەوەی یاسا لە عێراق
دواتر هیوا مەحموود عوسمان لە سەباح نوعمانی پرسی، چۆن سەیری ئەم قۆناخە نوێیە دەکەن و ئایا سوپای عێراق بە تەواوی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەمنی بەتەنیا؟ هەروەها ستراتیژی حکومەتی عێراق چییە بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدان؟
سەباح نوعمان رایگەیاند، حکومەتی عێراق و هێزە چەکدارەکان لە ساڵانی رابردوودا هەنگاوی گەورەیان ناوە لە بونیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیاندا؛ گوتیشی: "ئێمە ئێستا لە قۆناخێکداین کە دەتوانین بڵێین هێزەکانمان توانای تەواویان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش".
لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانانەوە سەباح نوعمان گوتی: "بێگومان ئێمە سوپاسگوزاری هاوکارییەکانی هاوپەیمانانین، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە عێراق پشت بە هێزەکانی خۆی ببەستێت."
سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەکرد: "هەڵوێستی حکومەت زۆر روونە کە دەبێت هەموو چەکێک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بێت و هیچ هێزێک مافی نییە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دامەزراوە فەرمییەکاندا کاربکات. ئەمە پڕۆسەیەکە کاتی دەوێ، بەڵام حکومەت رژدە لەسەر جێبەجێکردنی. ئێمە نامانەوێ عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی و دەمانەوێ سەروەریی تەواوی وڵاتەکەمان بپارێزین."
گوتەبێژەکەی فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەشێکە لەو پڕۆسەیە و بە تەواوی لەگەڵیان هاوئاهەنگن بۆ ئەوەی کشانەوەیەکی رێکخراو و بێ کێشە بەڕێوە بچێت تاوەکو دڵنیا بن هیچ بۆشاییەکی ئەمنی دروست نابێت.


.jpeg&w=3840&q=75)
