رووداو - دیجیتاڵ
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، دەڵێت دوای ئەو سێ هەنگاوەی دوایین کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی چارەسەری نراون، چیدیکە هیچ پاساوێک بۆ دەوڵەتی تورکیا نامێنێتەوە بۆ ئەوەی هەنگاو نەنێت. هەروەها قەرەیلان رایگەند " هێزە نهیننیەکانمان لە شارەکانی تورکیا دەکشێنینەوە".
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی نەپەگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی، باسی لە پرۆسەی چارەسەری و دوایین هەنگاوەکانی پەکەکە و شێوازی مامەڵەکردنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئەو پرۆسەیە کرد.
قەرەیلان ئاماژەی بە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی :"یاسایەک بە زۆرینەی دەنگ لەپەرلەمان پەسند کراوە؛ بەڵام یاساکە تەنیا لە روانگەی ئەمنییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە دەکات و بۆ چارەسەری سیاسی بەس نییە."
لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلانیش، قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد لە کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا بڕیار دراوە کە ئۆجەلان دەبێت پرۆسەکە بەڕێوەببات و ئازاد بێت. بەڵام تورکیا تائێستا هەنگاوی پێویستی لەم بارەیەوە نەناوە، هەرچەندە هەندێک ئاسانکاری لە مەرجەکانی سەردان و پەیوەندییەکاندا هەبووە.
قەرەیلان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە نێوان ئۆجەلان و نوێنەرانی دەوڵەتدا، هەروەها لە نێوان نوێنەرانی پەکەکە و دەوڵەت، گفتوگۆ هەیە.
لەبارەی کشانەوەیان لە نێو خاکی تورکیا و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، قەرەیلان گوتی :"بینیمان رەنگە پرۆسەکە بەرەو چەقبەستووی دەچوو، ئێمەش بۆ ئەوەی پرۆسەکە گیر نەخوات و رێگە بکرێتەوە و دەوڵەتیش هەنگاو بنێت، چەند هەنگاوێکمان نا."
قەرەیلان باسی لە یەکێک لەو هەنگاوانەی پەکەکە کرد و گوتی: "هەموو هێزەکانمان لە هەرێمەکانی بۆتان، مێردین و ئامەد کشاندەوە. لە 26ی ئەیلوول کشانەوەکەیان تەواو بوو. راستە لە مانگی ئەیلوولی پارەوە هێزەکانمان لە زۆر ناوچەی باکوور کشاندووەتەوە. لەو سێ هەرێمەدا هێز مابووەوە. دەوڵەت ئاگاداری بوونی هێزەکان بوو لەو هەرێمانە و چاودێریی دەکردن. داوایان لێکردین ئەو هێزانەش بکشێنینەوە. بەڵام ئێمە گوتمان ئەو هێزانە مەترسی دروستناکەن، چالاکی ناکەن و هیچ زیانێکیان نییە. ئەوان سوور بوون و ئێمەش کشاندنمانەوە.."
لە درێژەی قسەکانی باس لە هەنگاویکی دیکەی مەیدانی کرد و گوتی: "لە باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا هێزی نهێنیمان هەیە. دەوڵەتیش زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئەوانەوە هەیە. دەوڵەت داوای لێکردین هێزە تایبەتەکانمان بکشێنینەوە –ئەوان بەو هێزانە دەڵێن هێزە تایبەتەکان– لەم پرۆسەیەدا، ئەو هێزانەشمان دەکشێنینەوە. رێنوێنیی پێویست گەیێندراوەتە ئەو هێزانە. بۆ کشانەوەیان کارێکی لەو شێوەیە هەیە."
لەبارەی کشانەوە لە ناوچەکانی زاب و مەتین، قەرەیلان گوتی: "زۆر سوور بوون لەسەر ئەوەی لە زاپ و مەتین بکشێینەوە. ساڵی رابردوو رێبەر ئاپۆ نامەیەکی نارد و لە نامەکەیدا گوتی، (بۆ کردنەوەی رێگەی پرۆسەکە، دەتوانن لە زاپ بکشێنەوە.) لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش هێزەکانمان لە زاپ کشاندەوە."
هەروەها قەرەیلان باس لە مەرجەکانی پەکەکە دەکات لە بەرامبەر کشانەوەیان لەو ناوچانە و دەڵێت: "بۆ کشانەوەمان لە مەتین و باکوور، ئێمەش مەرجمان هەیە و ئەم مەرجانە بۆ زاپیش راستن. مەرجەکانمان ئەمانەن؛ گۆڕستانەکانی شەهیدانمان لە باکوور و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەپارێزرێن، بتوانین چاودێرییان بکەین، بتوانین نۆژەنیان بکەینەوە و بتوانین بە ئاسانی ئەو شەهیدانەمان کە لەو ناوچانەن کۆبکەینەوە و بیانهێنین بۆ گۆڕستانی ناوەندیی شەهیدان. مەرجەکانمان ئەمانە بوون. بێگومان، ئێمە ئەم هەنگاوانەمان نا بۆ ئەوەی ئەوانیش هەنگاو بنێن. دەوڵەت بۆ شەهیدان بەڵێنی داوە و دەبێت ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات."
ئەم لێدوانانی قەرەیلان لە کاتیکدایە کە دوێنی تورکیا لە رێگەی ئاژانسی فەرمی دەوڵەتەوە چۆڵکردنی چوار بارەگای پەکەکەی لە ناوچەی مەتین راگەیاند. چەند رۆژێک پێشتر پەکەکە رایگەیاندبوو کە چەند بارەگایەکیان لەو ناوچەیە چۆڵکرووە.


.jpeg&w=3840&q=75)
