رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا دەڵێ، کۆچبەرانی کورد بە بەڵگەنامەی ساختە لە فڕۆکەخانەی بنغازی کاریان پێدەکرێ و لەوێشەوە بەرەو ناوچەکانی رۆژئاوای لیبیا دەبردرێن و چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیار دەبێت. پەرلەمانتارێکی عێراق هۆشداری دەدات کە لە 80% بۆ 90%ـی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە ئەو وڵاتە تووشی دەستگیرکردن، ئەشکەنجە و برسییەتی دەبن.
رۆژی دووشەممە، 28ی ئەیلوولی 2026، حەنین بەشوشە، بەڕێوەبەری کارگێڕی راوێژکارانی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا بە سروە هەورامی، بەڕێوەبەری بەشی گێستبووکینگی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان وەکو وەزارەتی دەرەوەی لیبیا ئاماری دروستیان لەسەر ژمارەی کۆچبەران لەبەردەست نییە، بەڵام زانیارییان لەسەر رێڕەوی کۆچبەران هەیە.
حەنین بەشوشە گوتی: "کۆچبەرە کوردەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە عەممانی پایتەختی ئوردن و لەوێشەوە دەگەنە فڕۆکەخانەی (بەنینا) لە بنغازی، چونکە فڕۆکەخانەکە کاری تێدا دەکرێ و راگەیێندراوی بڵاوکردووەتەوە کە هەرکەسێک دەیەوێ لە فڕۆکەخانەکە کاربکات دەتوانێت بچێتە ئەوێ. قاچاخچییەکانیش ئەوەیان بە هەل قۆستووەتەوە، بەڵگەنامە بۆ کۆچبەرەکان ساختە دەکەن و بەناوی کرێکار لە فڕۆکەخانەکە کاریان پێدەکەن."
بە گوتەی حەنین بەشوشە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەوێ کار دەکەن، دواتر قاچاخچییەکان کۆچبەرەکان دەبەنە رۆژئاوای لیبیا کە لە ژێر دەسەڵاتی هیچ هێزێکی فەرمیدا نییە و خێڵەکان دەسەڵاتدارن لەو ناوچانەدا.
گوتیشی: "دوای ئەوەی کۆچبەرەکان دەبرێنە رۆژئاوای وڵات لەوێ بەشی زۆریان بێسەروشوێن دەبن یانیش لەلایەن حکومەتەوە لە رێگەکاندا دەستگیردەکرێن و دەبرێنە ناوەندی تاجوورا بۆ کۆچبەران."
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا دەڵێ، ئێستا ئەوان لە سەروبەندی ئەوەدان کە لەگەڵ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئوردن رێکبکەون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بەمەبەستی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان.
لە ساڵی 2011ـەوە، لیبیا بەدەست دابەشبوونێکی قووڵی سیاسی و سەربازی لەنێوان دوو دەسەڵاتی رکابەر لە تەرابلوس و بەنغازی دەناڵێنێت، ئەم بۆشایییە ئەمنییە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە قۆستراوەتەوە تاوەکو کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بکەنە چەقی سەرەکیی پەڕینەوەی نایاسایی بەرەو ئیتاڵیا لەڕێگەی دەریای نێوەڕاستەوە.
موسەننا ئەمین: 80% بۆ 90%ـی کۆچبەران تووشی دەستبەسەرکردن و برسییەتی دەبنەوە
سەبارەت بە هۆکاری بەکارهێنانی ئەو رێگەیە لەلایەن کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو هۆکاری پەنابردنی کۆچبەران بۆ شاری بنغازی ئاشکرا کرد و گوتی: "لەبەر ئەوەی بنغازی داوای ڤیزە لە هاووڵاتیی عێراقی ناکات، بۆیە بەبێ ڤیزە دەچنە ئەوێ، بەڵام بەو مەرجەی لەگەڵ کۆمپانیایەکدا گرێبەست یان رێککەوتنێکی هەبێت. ئەوەی دەکرێ ئەوەیە ئەم کۆمپانیایانە خەڵک بە ناوی گەشتیاری و کارکردن دەبەنە بنغازی."
موسەننا ئەمین پێگەی بنغازی لەنێو هاوکێشەی لیبیادا روون دەکاتەوە و دەڵێت: "بنغازی ناوچەیەکی تایبەتە و لەژێر دەسەڵاتێکی خۆجێیی جیاوازدایە و لەگەڵ تەرابلووس کەمێک جیاوازن، هەندێک جاریش ناکۆکن. ئەم گەشتانەش کۆمپانیاکان بە بیانووی جۆراوجۆر رێکیاندەخەن و بەبێ ڤیزە خەڵک دەبەنە وڵاتەکە، لەوێوە کۆچبەران دەپەڕێننەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی تەرابلووس، لەوێشەوە دەبرێنە نێو دەریا بەرەو ئەورووپا."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق باسی چارەنووسی کۆچبەران دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە هەندێکیان دەخنکێن و هەندێکیشیان دەگەنە ئەورووپا، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان، واتە لە 80% بۆ 90%ـیان، تووشی گرتن، دەستبەسەرکردن، ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر و برسێتی دەبنەوە."
مانگی سووری لیبیا: ئاماری فەرمیمان لەبەردەست نییە
حەمدی نحێلی، گوتەبێژی مانگی سووری لیبیا بە رووداوی گوت: "هەرچەندە لیبیا دابەشبووە و دوو حکومەتی لێیە، بەڵام ئێمە وەک مانگی سوور، لە هەردوو بەرەوە وەکو یەک کار دەکەین."
حەمدی نحێلی گوتیشی: "ئێمە زیاتر خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەین لە خۆراک و جلوبەرگ بەو پەنابەرانەی کە دەگەنە ناوچەی قەنفوودە لە بنغازی، جگە لە تاجوورا لە تەرابلووس. زۆربەشیان لەڕێگەی دەریاوە دەگەنە ناوچەی قەنفوودە، کە زۆربەیان میسری، ئەفریقی و عێراقی (کوردن)."
گوتەبێژی مانگی سووری لیبیا دەڵێ هیچ ئامارێکی فەرمیی کۆچبەرانیان لەبەردەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە تارق لەملووم، پارێزەر و پسپۆڕی کاروباری کۆچبەران لە لیبیا بە رووداوی گوت: "ئەوانەی کە دێنە لیبیا زۆربەیان خوار 18 ساڵن و سەیرە کە چۆن حکومەت رێگە دەدات ئەو کەسانە وا بە ئاسانی گەشتی ئاسمانی بکەن."
ئەو پارێزەرە دەڵێ، ئەو کوردانەی کە دێنە لیبیا سەرجەمیان پیاون و تاوەکو ئێستا هیچ ئافرەتێک وەکو پەنابەر نەچووەتە ئەو وڵاتەوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی راپەڕین، لە ساڵی 2015ـەوە زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن. ئێستاش زیاتر لە مانگێکە چارەنووسی 10 گەنجی دیکەی سنوورەکە لە لیبیا نادیارە.
.jpg&w=3840&q=75)
