رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستکردنی بەنداوی (ژاو) لە سنە، رێگەی چەند گوندێک داخراوە و هاونیشتمانییان ناچارن بە بەلەم هاتووچۆ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، هاونیشتمانیەک لە شاری سنە بە رووداوی گوت: "بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە سەر رووباری ژاو لە سنە، رێگەی هاتووچۆی چەند گوندێکی نزیکی بەنداوەکە تێکچووە ئاو دایپۆشیوە، ناچارن بە بەلەم هاتووچۆ بکەن."
هەر لەم بارەوە یوسف ئەسەدی، هاونیشتمانی و هونەرمەندی خەڵکی سنە چووەتە شوێنەوە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداو ناردووە.
یوسف ئەسەدی دەڵێ: شوێنەکە تەنیا 15 خولەک لە شاری سنە دوورە و لە گوندەکان کۆمەڵێک قوتابی هەن کە ناچارن بۆ چوون بۆ دەوامی قوتابخانە بەلەم بەکاربهێنن.
یوسف ئەسەدی دەشڵێ، جگە لە وەستانی ئاو و گیرانی رێگەی هاتووچۆ، بۆنی ناخۆش خەڵکی هەراسان کردووە، ئەوەش بۆ تەندروستیی دانیشتووان مەترسیدارە.
دانیشتووانی گوندەکانی چەمسو و دەرە کۆڵە دەڵێن، بڕیار بووە لەگەڵ دروستکردنی بەنداوی ژاو دا، پردی پەڕینەوە بۆ دانیشتووانی گوندەکە دروست بکرێت، بەڵام لە ساڵی 2013ـەوە کە دەست بە دروستکردنی بەنداوەکە کراوە، رێگەی گوندەکان تێکچووە و پردی پەڕینەوەیان نییە.
بەنداوی ژاوە 13 ساڵە دروست کراوە، بەڵام بەهۆی کێشە ژینگەییەکانەوە تاوەکو ئەم ساڵ ئاوی تێیدا گلنەدرایەوە.
ئاوەڕۆ و پیسایی شاری سنە، 82 گوند و هەروەها ئاوەڕۆی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، هەموو ئەمانە تێکەڵ بە رووباری قشلاخ و رووباری گاوەرۆ دەکرێن و ئاوێکی زۆر پیس دەچێتە نێو کۆگەی بەنداوەکە.
لە پارێزگای سنە 18 بەنداوی گەورە و بچووک هەن؛ دەسەڵاتی بەکارهێنانی 12 بەنداویان لە دەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سنەیە و دەسەڵاتی بەکارهێنانی ئاوی 6 بەنداویش لە دەست بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ دایە.




