رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 دەستپێدەکات و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن، پشکی هەرێمی کوردستان کەمە و لە پرۆژەیاسای بودجەدا 6٪ـە و تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەبارەیەوە نەکراوە. نوێنەرێکی کورد داوادەکات، پێش شاندی تەکنیکی، شاندی سیاسی سەردانی بەغدا بکات.
شاندی دانوستاندن لە بەغدان
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
سیپان شێروانی: رەشنووسی یاسای بودجە مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی 2027 لەڕووی نێوەڕۆکەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بودجەکانی ساڵانی رابردوودا نییە، چونکە زیاتر لە 83%ی پشتی بە نەوت بەستووە. بەپێی پرۆژەیاساکە، مەزەندە کراوە رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، بەڵام پرسیاری کرد: "لەم دۆخەی تەنگەی هورموز، چۆن گەرەنتی دەکرێت رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت؟"
شێروانی گوتی، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 58 دۆلار دیاریکراوە و خەرجیی بەکاربردن زۆر زیادی کردووە. لە رەشنووسەکەدا دەستکاریی نرخی دۆلار و دینار کراوە و جەختی لەوە کردەوە کە "ناکرێت ساڵانە دەستکاریی بەهای دینار و دۆلار بکرێت".
بە گوتەی سیپان شێروانی، رەشنووسەکە مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، بەڵام دەکرێت لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەستکاری بکرێت. "رێژەی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا 6%ـە. کۆی گشتیی بودجە 217 تریلیۆن دینارە و تەنیا 13 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، ئەوەش لەگەڵ رێژەی 14%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی ناگونجێت و پشکێکی دادپەروەرانە نییە، بەڵام هێشتا دەرفەتی گۆڕانکاری هەیە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکان لەنێو پرۆژەیاساکەدا بابەتی خەرجیی راستەقینە (ئینفاق فعلی)یە و روونی کردەوە: "بەم شێوەیە بێت، دەبێ هەرێمی کوردستان چاوەڕێ بکات 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراق چەندیان خەرج کردووە، ئینجا 12% یان 14%ی ئەو بڕە بدرێتە هەرێمی کوردستان. ئەمە واتای ئەوەیە هەرێمی کوردستان کراوەتە پاشکۆی 15 پارێزگاکەی عێراق".
شێروانی پێیوایە، ئەمە پێچەوانەی مادەی 14ی دەستووری عێراقە کە دەڵێ، "عێراقییەکان هەموویان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن"، لەکاتێکدا ئەم رەشنووسە دوو بەشی دروستکردووە، یەکێکیان سەقامگیر و ئەوی دیکەیان گۆڕاو.
گوتی: "ئەگەر خەرجیی راستەقینە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی مادەی 14ی دەستوور بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، با 15 پارێزگاکە بکەنە گۆڕاو و پاشکۆی خەرجیی راستەقینە بن و میکانیزمەکە لەسەر ئەوانیش جێبەجێ بکەن، بەپێی ئەو خەرجییەی کە هەرێمی کوردستان دەیکات".
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد: "گرنگترین و گەورەترین چەک بۆ راستکردنەوەی ئەو ناحەقییەی لە بەغدا بەرامبەر کورد کراوە، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردستانییەکانە. ئەو کاتە کەس ناتوانێت مافی هەرێمی کوردستان بخوات".
جەمال کۆچەر: شاندی سیاسی، پێش شاندی تەکنیکی
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەبێ شاندی سیاسی، دانوستاندنی شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2027 ئەنجامێکی لاوازی دەبێت، چونکە بابەتەکە هەم سیاسییە و هەم تەکنیکی".
جەمال کۆچەر گوتیشی، "پرۆژەیاسای بودجەی 2027 هەمان یاسای بودجەی 2023یە، بۆیە دەبێت سەرەتا شاندی باڵای سیاسی بێتە بەغدا و ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، ئینجا شاندی تەکنیکی رەوانە بکرێت، ئەگەرنا کێشەکان چارەسەر نابن".
سەبارەت بە نرخی دینار و دۆلار لە پرۆژەیاساکەدا، جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە.
دانەر عەبدولغەفار: تاوەکو ئێستا رێککەوتن نەکراوە
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا رێککەوتن نەکراوە و شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە سەردانی بەغدایان کردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، "پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% تەرخانکراوە، کە ئەوە پێچەوانەی سەرژمێرییەکانە، چونکە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%یە. یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە مووچە لە خەرجیی راستەقینە جیا نەکراوەتەوە، بەڵام وەزیری داراییی عێراق دڵنیایی داوە کە بەهیچ شێوەیەک کێشە بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دروست نابێت."
دانەر عەبدولغەفار گوتی: "بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە و هیچ بیانوویەک بۆ خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە. هەوڵ دەدەین مووچە لە خەرجیی راستەقینە جیابکرێتەوە، هەرچەندە راستە پشکی هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە".
دیلان غەفوور: نەوت و داهاتی نانەوتیی ناکۆکی لەسەرە
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی نەکراوە. هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکی لە بودجەدا بە رێژەی 14.14% بێت لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێریی گشتی، بەڵام حکومەتی بەغدا پشکی هەرێمی بە 12.7% دیاری کردووە و رایگەیاندووە، ئەو رێژەیە دوای دەرکردنی ئاوارەکان، ئەو کەسانەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نین و ئەوانەی رەگەزنامەی عێراقییان نییە، دەمێنێتەوە.
بە گوتەی دیلان غەفوور، ناکۆکییەکی دیکە لەسەر بڕی رادەستکردنی نەوتە؛ بەغدا داوای کردووە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان بەوە رازی نەبووە و داوای کردووە رادەستکردنی نەوت 250 هەزار یان 280 هەزار بەرمیل بێت، لەسەر بنەمای رێککەوتنەکانی پێشووی نێوان هەردوولا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، ناکۆکییەکی دیکەی هەردوولا لەسەر داهاتی باج و گومرگەکانە. عێراق پێی وایە داهاتی باج و گومرگ بابەتێکی سەروەرییە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە بابەتێکی سەروەری بێت. هاوکات، ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق لە راڤەی خۆیدا پشتگیریی بۆچوونەکەی عێراقی کردووە.
ئەحمەدی حاجی رەشید: بودجەی سەروەری لەسەر حیسابی پشکی هەرێمی کوردستان زیاد کراوە
ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەوەکرد، پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر بنەمای بەندەکان و بەشەکی بەرنامە و کار داڕێژراوە، بەجۆرێک 150 تریلیۆن دینار بۆ بەندەکان و 50 تریلیۆن دینار بۆ بەرنامە و کار تەرخان کراوە.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 14.14%ـەوە بۆ 12.68% کەمکراوەتەوە و ساڵانە بودجەی سەروەری لەسەر حیسابی پشکی هەرێمی کوردستان زیاد کراوە. هەروەها رایگەیاند، ناکۆکی لەبارەی بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتیی هەژمارکردنی داهاتی نەوت هەیە و هەرێمی کوردستان داوای پشکی 29 تریلیۆن دینار دەکات.
"مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە راستەقینەکان دووربخرێتەوە"
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیارییەکانی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات، بە مەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
شاندی هەرێمی کوردستان "جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە بۆ ساڵی 2027یش، بەشێوەیەک کە هیچ بەهانە یان هۆکارێک بۆ دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە."
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکاندا، گفتوگۆ لەسەر کۆی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەوانە مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەروەها شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی میلاک و پلەی وەزیفی و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە، هەروەها ئەو شایستە دارایییانەی کە بەپێی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراون.
"بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم، لەوانەش مووچە و شایستەکانی مووچەخۆران، لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بەشێوەیەکی ڕوون و یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێک هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ماف و شایستە دارایییەکانەوە هاوتا بن لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵییش جێگیری کردووە".
شاندی هەرێمی کوردستان "جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجییە راستەقینەکان (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە کە ببێتە هۆی دواخستن، راگرتن یان کەمکردنەوەی شایستەکان دوور بخرێنەوە و لە بودجەی فیدراڵیدا میکانیزمێکی روون و جێگیر بۆ دابینکردن و ناردنی ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان دانرێت".



