رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات پابەندی دەقەکانی دەستووری ساڵی 2005 بن و جەخت دەکاتەوە کە دادگای باڵای فیدراڵی تاکە لایەنی تایبەتمەندە بە لێکدانەوەی دەقە دەستوورییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-11-2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆیە و سیستمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، پەرلەمانی و دیموکراتییە؛ زامنی ئەوەش حوکمەکانی دەستووری ساڵی 2005ـە کە دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بە لێکدانەوەی دەقەکانی."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوا لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکات، پابەندی ئەوە بن کە لە دەستووردا هاتووە.
هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە بڕیارەکانی عێراق "بابەتێکی نیشتمانیی پەتییە" و حکومەت رەوایەتیی بڕیارەکانی لە هەڵوێست یان ئاراستەی هیچ وڵات و لایەنێکی دەرەکییەوە وەرناگرێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو رێکارانەی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی عێراقدا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و تەنیا پشت بە دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەبەستن و رایگەیاندبوو، "بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعمان دەستوور و یاسایە، و بەرژەوەندیی باڵای عێراقیش ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و رێکارەکانمان دیاری دەکات."
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی سێشەممە 24-11-2026، دوای دەرکردنی زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری کارگێڕی، ئەمنی و تەکنیکی لەلایەن بەغداوە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی تووندی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.



