رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ بانگهێشتکردنی پەرلەمانتاران بە مەبەستی کۆبوونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی.
رۆژی دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە لە پشکی فراکسیۆنی نەوەی نوێیە و سەرۆکایەتیی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کردووە، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: "ئەگەر لایەنەکان ئامادە بن بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمان، ئەوا ئێمە ئامادەین بانگهێشتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەین".
رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دواتر لە 02-12-2024 یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی هێڵدرایەوە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکراوە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی خولی 31ـی زانکۆی دهۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نیشاندا و گوتی: "سەبری ئێمەش سنوورێکی هەیە، نابێت چیدی لە هیچ هێزێکی سیاسی قبووڵ بکرێت یاری بە چارەنووسی میللەتەکەمان بکات".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.


