رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی پڕۆژەی (لەژێر 21 تیشکی خۆردا) کرایەوە؛ پڕۆژەیەکی هونەری، کولتووری و دۆکیومێنتارییە کە دوای 3 ساڵ کارکردن، سروشت، کولتوور و شوناسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە رێگەی وێنە و فیلمەوە دەخاتە روو.
پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ گەلەری (جیهان) لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و لە چوارچێوەی کارەکەدا، پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیی گەڕۆک، پەرتووکێکی فۆتۆگرافی و کورتەفیلمێکی دۆکیومێنتاری بەرهەم هاتوون.
هەرێم سیوەیسی، فۆتۆگرافەر و خاوەنی پرۆژەکە بە (رووداو)ی گوت: "ئەم پڕۆژەیە گەشتێکی وێنەییە بە ناو کوردستانی گەورەدا و هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە. 3 ساڵە کاری لەسەر دەکەم و پڕۆژەکە پێشانگەیەکی گەڕۆکیشی تێدایە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشانگە فۆتۆگرافییەکە سەرەتا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک نمایش دەکرێت و دواتر بۆ نمایشکردن لە دەرەوەی کوردستان و چەندین وڵاتی جیهان دەگوازرێتەوە."
لە بەشی کتێبخانەکەیدا، کتێبێکی فۆتۆگرافی و بەڵگەنامەیی بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی ئامادە کراوە کە گەشت و دیدگای پڕۆژەکە لە رێگەی وێنە و بەڵگەنامەوە دەخاتە روو. هەروەها کورتەفیلمێکی دۆکیومێنتاریی 12 خولەکی بەشێکە لە پڕۆژەکە، لەگەڵ بەشێکی تایبەت بۆ گوێگرتن لە دەنگی رەسەنی حەیران و دەنگبێژی، لەوانە مامۆستا خدر دەرزی و عەبدولڕەحمان جزیری.

ئامانجی پڕۆژەکە لە ئاستی ناوخۆدا، "نیشاندانی جوانی و مێژووی کوردستان و بەهێزکردنی هەستی شانازی و شوناسی نەتەوەیییە، لە کاتێکدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵ دەدات شوناس و کولتووری کورد بە رێگەی کارێکی هونەرییەوە بگەیێنێتە جیهان."

پڕۆژەی (لەژێر 21 تیشکی خۆردا) بە سپۆنسەریی سەرەکیی (دامەزراوەی ستراتیژیی نیشتمان) و بە هاوبەشیی (White Space) لە بواری دیزاین و براندینگ، هەروەها بە سەرپەرشتی (Khiyga/Niga) تەواو کراوە.



