رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب نارد بۆ بەغدا، سبەی دووشەممەش بە فەرمی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقیان دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراویكدا بڵاویکردەوە، تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەباتە بەغدا بۆ فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و سبەی دووشەممە بە فەرمی رادەستیان دەکات.
وەزارەتی دارایی دەڵێت: "لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، هەر سبەی دووشەممە راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی ئابی 2026، رادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت".
وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی پێداوە، ئامانج لە ناردنی ئەو دۆسیە و داتایانە لە کاتی خۆیدا، "وردبینی و خێراکردنی پڕۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە."
دوێنێ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "سبەی ئامادەکارییەکانی لیستی مووچە بە تەواوی کۆتاییان دێت، هەر سبەی ئێوارە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب لەلایەن شاندێکی تەکنیکی وەزارەتەوە بەرەو بەغدا بەڕێدەکرێت و دووشەممە بە فەرمی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت".
لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران. دواتر لە 14ـی ئەیلوول وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئابی راگەیاند، لە 15ـی مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا و لە 19ـی ئەیلوولیشدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتایی هات.
.webp&w=3840&q=75)



