رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی پارەی گەنمی 2025 بۆ جووتیارانی هەولێر بەتەواوی کۆتاییهات، بەڵام هێشتا نزیکەی 7 ملیار دیناری دهۆک و سلێمانی لە بەغدا ماوە. دەشڵێت: "نزیکەی 300 ملیار دیناری گەنمی ئەمساڵیش نەدراوە."
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 6 ملیار و 911 ملیۆن دینار لە شایستە داراییەکانی ساڵی 2025ـی جووتیاران لای بەغدا ماوەتەوە، ئەو بڕە پارەیەش پشکی جووتیارانی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکە؛ چونکە تەواوی جووتیارانی پارێزگای هەولێر بەو بەشەی هەفتەی رابردوو دابەشکرا، پارەکەیان وەرگرت."
سەبارەت بە شایستەی دارایی بەرهەمی ئەم ساڵ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "چاوەڕوان دەکەین سەرەتا ئەو نزیکەی حەوت ملیار دینارەی ساڵی 2025 بەتەواوی پاکتاو بکرێت، پاشان راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی 2026 دەکرێت، کە نزیکەی 300 ملیار دینارە."
لە 15ی مانگی رابردوودا وەجبەی هەشتەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 76 ملیار و 294 ملیۆن دینار لە بەغداوە خەرجکرا و هەفتەی رابردوو دابەشکرا.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، دەبێت مانگانە 500 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی سەرانسەری عێراق دابین بکرێت و گوتی: "مانگی رابردوو خەرجکرا و بڕیارە ئەم مانگەش بنێردرێت. ئەگەر خەرجکردنی پارەکە بەم خێراییە بەردەوام بێت، دەتوانین تاوەکو پێش کۆتایی ئەمساڵ هەموو پارەی گەنمی جووتیاران دابەش بکەین."
بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی ساڵی 2025، هەر تۆنێک گەنم کە بە شێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هاتبێت بە 700 هەزار دینار وەرگیرا، ئەوانەی بە شێوازی کۆن بوون تۆنی بە 500 هەزار دینار لێیان وەرگیرا.
حکومەتی عێراق پار 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، تۆنی بە 800 هەزار دینار، کە کۆی پارەکەی نزیکەی 320 ملیار دینار بوو.



.webp&w=3840&q=75)