رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک، هۆڵێکی تاقیگە لە قوتابخانەیەکی کوردی مەترسیی رووخانی لەسەرە و خوێندنی تێدا راگیراوە. ئەم دیمەنە، چیرۆکی بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە شارەکە دەگێڕێتەوە، کە لەنێوان نەبوونی باڵەخانەی شیاو و بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرزدا، چیرۆکێکی پڕ لە هەوراز و نشێو تۆمار دەکەن.
قوتابخانەی ناوەندیی (ئەڵوەندی کوڕان) لە گەڕەکی شۆڕیجە، یەکێکە لە نموونە زیندووەکان. ئەم قوتابخانە 55 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە و زیاتر لە 300 قوتابی تێیدا دەخوێنن. سەرەڕای ئەوەی دووجار نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام بەپێی دوایین هەڵسەنگاندن، مەترسیی رووخانی لەسەرە و بۆ خوێندن گونجاو نییە.
شێرکۆ عەبدوڵڵا، چالاکڤانێکی بواری پەروەردە، ئاماژە بەوە دەکات کە "23 ساڵە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق هیچ قوتابخانەیەکی بۆ خوێندنی کوردی دروست نەکردووە."
دەشڵێت، "رێکخراوە مرۆیی و خێرخوازییەکان ئەرکی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەیان لە ئەستۆگرتووە کە خوێندنی کوردی تێدایە."
سەرەڕای هەموو ئەم کەموکوڕییانە، لە نەبوونی باڵەخانە و بوونی سێ دەوام لە یەک قوتابخانەدا، خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەردەوامە لە سەرکەوتن. کامەران ئەحمەد، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "کەم و کوڕییەکان رێگر نەبوون لە سەرکەوتنەکان و زۆرینەی یەکەمەکانی ساڵی رابردووی خوێندن، قوتابیانی خوێندنی کوردی بوون."
بەپێی ئامارەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک 8500 فەرمانبەر و مامۆستا لەگەڵ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە 562 قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک هەن. زۆربەری ناوەندەکان کێشەی باڵەخانەی قوتابخانەیان هەیە100 قوتابخانەی خوێندنی کوردی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، 40یان مەترسیی رووخانیان لەسەرە و لە 30 قوتابخانەشدا سێ دەوام دەکرێت.
.webp&w=3840&q=75)
