رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی مافی مرۆڤ رایدەگەیێنێت باوک و کوڕێکی خەڵکی بۆکان بەهۆی رەنگی جلوبەرگە کوردییەکانیان دەستبەسەر کراون و بێ رێزیش بە باوکەکە کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا بڵاوی کردەوە رۆژی چوارشەممە، عوسمان وەفایی بەهۆی ئەوەی جلی کوردی رەنگی خاکی لەبەر بووە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەرکراوە و پاشان جلەکانی لەبەر داکەنراوە و لە شەقامەکان فڕێدراون.
ئەوە لە کاتێکدایە، نۆ رۆژە کوڕێکی عوسمان وەفایی بە ناوی ئارام وەفایی هەر بەهۆی پۆشینی جلی کوردی رەنگی خاکی، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
تائێستا چەندین کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پۆشینی جلی کوردی رەنگی خاکی و جامانە سزا دراوەن، دیارترینیان لە 03-09-2025، بوو کە 58 هاونیشتمانیی دانیشتووی شارەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار و شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەو هۆیەوە هەریەکەیان بە سێ مانگ بەندکردن سزادران.
ئەو هاونیشتمانییانە دوای ئەوەی لە زەماوەندێکدا لە شاری پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە جلوبەرگی کوردی و جامانەوە بەکۆمەڵ دەرکەوتوون، بانگی دادگەی شۆڕشی شارەکە کرابوون.
زۆربەی گەنجان، بەساڵاچووان، ژنان و کچان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان جامانە بەکاردەهێنن، بە تایبەتی لە بۆنەکاندا، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران زۆرجار بەکارهێنانی جامانە و جلی کوردی (رەنگی خاکی) لە بۆنەکاندا بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستنەوە.



