رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەک راگیران، تورکیش ئێیەرلاینز (هێڵی ئاسمانیی تورکیا) گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی دەستپێکردەوە. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش رایگەیاند، بە هاتن و چوونەوە ئەمڕۆ 50 گەشتییان دەبێت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ 02-10-2026 هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێیەرلاینز گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستپێکردەوە و بەپێی خشتەی گەشتەکانیان، لە سەرەتادا هەفتانە چوار گەشت لە نێوان ئیستەنبووڵ - سلێمانی - ئیستەنبووڵیان دەبێ".
بەگوێرەی فڕۆکەخانەکە، ئەمڕۆ گەشتی دوو هێڵی دیکەی ئاسمانیی تورکیا (ئەی جێت و پێگاسۆس) لە ئیستەنبووڵەوە بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەوە هەبووە، هەروەها گەشتی هاتن و گەڕانەوە لە دەوحەوە بۆ سلێمانی هەبووە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی قەتەرییەوە. هاوکات گەشتێکی تاران بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەوە هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها بەگوێرەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ 50 گەشتی چوون و هاتن بۆ فڕۆکەخانە دەبێت، بەشێکیان لە کاتی خۆیاندا جێبەجێ کراون و ئەوانی دیکەش دەبێت تاوەکو کاژێر 11:45ـی ئەمشەو جێبەجێ بکرێن.
گەشتەکانی ئەمڕۆ بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە چەندین فڕۆکەخانەی جیهانەوەن، لەنێویاندا ئەمستردام، ئیستەنبووڵ، عەممان، دەوحە، شاریقە، دووبەی، ئەنقەرە و دیمەشق، جگە لە گەشتە نێوخۆییەکان بۆ بەغدا و بەسرە.

.jpg&w=3840&q=75)
