رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران خانمە پزیشکێکی خەڵکی شاری سەقزیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شاری ورمێ دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاشکرا بووە کە لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە بەیان ساڵحیان، پزیشکی پسپۆڕی هەناو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بەبێ پێشاندانی هیچ بڕیارێکی دادگە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەیان ساڵحیان و دەستبەسەریان کردووە؛ هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەیدا، دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانی، لەوانە کۆمپیوتەری کەسی (لابتۆپ) و مۆبایلەکەیدا گرتووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج رۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بەدواداچوونی بەردەوامی خێزانەکەی بۆ زانینی چارەنووس و شوێنی راگرتنی بێ ئەنجام بووە.
بەیان ساڵحیان، تەمەن 42 ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و نیشتەجێی ورمێیە و پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوە. پێشتریش لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی 2022ـدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
تاوەکو ئێستا دەزگا فەرمییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو خانمە پزیشکە کراون، نەداوە.




