رووداو دیجیتاڵ
کەمێک لەمەوبەر، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادیی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
بەرپرسێکی باڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، شەوی چوارشەممە 30-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکەی نزیکەی کاژێر 8:15ی خولەکی ئەمشەو بە بە درۆنێکی جۆری حەدید هێرشەکە کراوە".
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە نزیک کەمپی ئازادیی کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی هیچ نەبووە".
کەمپی ئازادی کە دەکەوێتە نزیک قەزای کۆیە لە هەرێمی کوردستان، شوێنی نیشتەجێبوونی خێزان و بنەماڵەی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
بەپێی ئامارەکان، لە 28ی شوباتەوە، تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 164 مووشەک و درۆن، هێرشکراوەتە سەر بنکە، بارەگا و کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، بە زیاتر لە 1,000 مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسی دیکەش بریندار بوون.



