رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی هۆشداری دەدات لەوەی "هەر کەس و لایەنێک خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشە، با بزانێت کە پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیدای وڵات تێکیان دەشکێنن."
ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2026 دوایین رۆژە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. سەرۆک بارزانی بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە زۆر کەس لەڕووی پەرۆشی و هەندێکیش لەڕووی رق و لێکدانەوەی نادروستەوە وای بۆ دەچن کە بە نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئیدی هەرێمیش دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و کۆتایی پێدێت. دەمەوێ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک، جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعش دا بێت یان هەر ناوێکی تر."
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا هۆشداری دەدات و رایدەگەیێنێت، "هەر کەس و لایەنێکیش خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشە و زیان بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بگەیێنێت، با بزانێت لە کوردستان دا بەقەد پێویست پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکەن و هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەک تێکبشکێنن."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، بەپێی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2026 دوایین رۆژە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها لە گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراقدا پشتیوانی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بوون.
هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی مانەوەیاندا یارمەتییەكی زۆری هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیان دا و تەنانەت قوربانیی زۆریشیان دا. ئێستاش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان، ئەوە لە داهاتوودا بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەمێنێت کە بەپێی هەلومەرجەکان و لەپێناو پاراستنی سەقامگیریدا، رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بکەن.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بکەین، رۆڵیان لە تێکشکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق جێگەی پێزانین و رێزگرتنێکی زۆرە. هەروەها سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەنێرین و یادیان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە زۆر کەس لەڕووی پەرۆشی و هەندێکیش لەڕووی رق و لێکدانەوەی نادروستەوە وای بۆ دەچن کە بە نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئیدی هەرێمیش دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و کۆتایی پێدێت. دەمەوێ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک، جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعش دا بێت یان هەر ناوێکی تر.
هەر کەسێک و لایەنێکیش خەیاڵی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشە و زیان بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، با بزانێت لە کوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکەن و هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەک تێکبشکێنن. هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش کە ڕەگی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەیە و زادەی خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکە شەهیدانە، هەر دەمێنێتەوە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزەکانی عێراقی فیدڕاڵدا، ئامادەن بۆ بەرگری، پاراستنی سەقامگیریی وڵات و نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک.
مسعود بارزانی


