رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن و رایدەگەیێنێت، پێکهێنانی حکومەت زۆر دواکەوتووە. هاوکات داوا لە بەغدا دەکات دەستوور جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی یەکسان هاوکاریی هەموو بەشەکانی عێراق بکات.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەولێر، مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکێش کرد و بەشێکی سەرەکیی قسەکانی بۆ پرسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و پەرەپێدانی کەرتی ئابووری تەرخان کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ گوتی: "لە هەرێمی کوردستانیش ئەوەی لەسەر ئێمەیە بەردەوام دەبین لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان؛ داوایان لێدەکەم کە ئەوانیش بە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان هەستن و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانیان جێبەجێی بکەن، زووتر و هەنگاوی خێراتر بنێن و تاوەکو پەرلەمان کارا بکرێتەوە، چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکەمین هەنگاوە بۆ پێکهێنانی حکومەت کە زۆر زۆر دواکەوتووە."
مەسرور بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو بگرن و گوتی: "خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکان زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان بکەنەوە نەک بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و تاکەکەسی. ئێمە ئامادەین و لە رۆژی یەکەمەوە ئامادە بووین و ئێستاش داواکارین کە هەموو هێزە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە توانیویانە بەشێک لە دەنگ و متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنن، ئێستا بەرامبەر بەو خەڵکە بەرپرس بن، بێن لە پەرلەمان ئەرکی خۆیان ببینن؛ زۆر ئەرکی دیکەمان ماوە کە پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانە لە دەرکردنی یاساکان و خۆشکردنی رێگەکان. جارێکی دیکە داوایان لێدەکەین پەلە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئێمە هەموو کات ئامادە بووین و ئێستاش باشتریش ئامادەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە هاوکار دەبین لەگەڵ حکومەتی عێراق، هیوادارین ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەستن بە جێبەجێکردنی دەستوور و هاوکاریکردنی هەموو بەشەکانی عێراق بە شێوەیەکی یەکسان."
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ دوا وادەی ئەرکی هێزە هاوپەیمانانە کە دژی داعش بۆ یارمەتیدانی عێراق هاتبوون، لێرە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی هەموو هاوپەیمانان و ئەمریکا و هەموو وڵاتانی ئەورووپا دەکەم کە یارمەتیی ئێمەیان دا لە رووبەڕووبوونەوە و شکستپێهێنانی داعش و باشترکردنی هێزی پێشمەرگە، لێرەوە سوپاسیان دەکەین و پێزانینمان هەیە بۆ قوربانییەکان، زەحمەت و ماندووبوونیان و هەموویانمان لەبیر ناچێتەوە."
مەسرور بارزانی گوتی، کە ئەم هەنگاوە بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت و گوتی: "کۆتاییهێنانی ئەرکی هێزی هاوپەیمانان مانای کۆتاییهێنانی پەیوەندی نییە لەگەڵ ئەم دۆستانەمان، بەڵکو شێوازی پەیوەندییەکان دەچێتە بوارێکی دیکە و جۆرێکی دیکە، هەم لە رووی ئابوورییەوە، هەم لە رووی کولتووری و سیاسییەوە و هەم لە رووی ئەمنی و سەربازییشەوە. پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەورووپا بە جۆرێکی دیکە بەردەوام دەبێت کە هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی چالاکی عێراق دەتوانێت و بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە."
لەبارەی توانای هێزە چەکدارەکانیش پاش کشانەوەی هاوپەیمانان گوتی: "لەوانەیە زۆرێک لە دوژمنانمان پێیان وابێت نەمانی هێزی هاوپەیمانان مەترسی دەخاتە سەر کوردستان، هێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، ئەوە نییە بڵێین هیچ مەترسی و تەحەدایەک نەماوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە هەم هێزەکانی عێراق تواناکانیان لە جاران باشترە و هێزەکانی پێشمەرگەش تۆکمە و ئامادەیە بۆ هەر هێرشێک کە دووچاری کوردستان و عێراقیش ببێتەوە."
مەسرور بارزانی لە بەشی سەرەتای گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و رایگەیاند: "دروستکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە لە کوردستان بەتایبەتی لە هەولێر، دەرفەتی رەخساندنی هەلی کار زیاتر دەکات لە کەرتی تایبەت و دەتوانن تواناکانیان زیاتر پێش بخەن، هەروەها شارەزایی نوێ دێتە کوردستان کە گەنجەکانمان دەتوانن سوودی لێ ببینن، ئەم پڕۆژانە کاریگەرییان لەسەر بووژانەوەی ئابووریی کوردستانیش دەبێت."
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە بەرنامەی ئەوە بووە هەلی کار بۆ گەنجەکانمان دروست بکات، لە بەرنامەماندایە کە گرنگیی زیاتر بە کەرتی تایبەت بدەین تاوەکو کەرتی تایبەت یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە هەموو سێکتەرەکاندا. بێگومان سەردار گرووپ و تۆیۆتا عێراق بەشێکی گرنگن بۆ سەرخستنی حکومەت لەم ئەجێندایەدا."



