رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە نرخی بەنزینی بازرگانی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە کاتێکدا نرخەکان لە سلێمانی بە جێگیری ماونەتەوە. بازرگانانی سووتەمەنیش هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکە بۆ هاتنی بەنزین لە باشووری عێراق و دەستپێکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی دەگەڕێننەوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فرۆشتنی بەنزینی 750 دیناریی حکومی، هیچ کێشەیەکی نییە و دابەشکردنی ئاساییە، هاوکات نرخی بەنزینی بازرگانیش دابەزیوە؛ رۆژی پێنجشەممە بە کۆ بە 1750 دینار بوو، بەڵام شەوی رابردوو بووە 1250 دینار."
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیی فرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی چاوەڕوانیی زیاتری دابەزینی نرخەکان، خواست لەسەر کڕینی بە کۆ بۆ 0٪ دابەزیوە و گوتی: "بڕێکی زۆر بەنزین لە باشووری عێراق، لە موسڵ و بەغداوە دەگات، بۆیە پێشبینی دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا لە بازاڕەکاندا زۆر زیاتر هەرزان ببێت."
لەلایەکی دیکەوە، حاجی هۆگر، بازرگانی سووتەمەنی لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت: "دوو رۆژە بەرهەمی کۆمپانیای کار لە بازاڕدا هەیە؛ بەنزینی نۆرماڵ لە 1775 دینارەوە بۆ 1500 دینار دابەزیوە. دوو جۆرەکەی دیکەش هەر یەکەیان 50 دینار دابەزیون، موحەسەن پێشتر بە 2250 دینار بوو و بووەتە 2200 دینار، سوپەریش لە 2450 دینارەوە بووەتە 2400 دینار."
لە پارێزگای دهۆکیش نرخی بەنزین هاوشێوەی هەولێر رووی لە دابەزین کردووە. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "نرخی بەنزینی بازرگانی زۆر دابەزیوە و تەنیا لە ماوەی ئەم یەک دوو رۆژەدا نزیکەی 400 دینار جیاوازیی کردووە."
هاوکات ئەحمەد جەمال، نوێنەری بەنزینخانەی مەتین لە دهۆک هۆکاری دابەزینەکەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "دوو رۆژە بەنزین بەهۆی گەیشتنی لە باشووری عێراق و موسڵ، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بەرهەمی کۆمپانیای کار زۆر هەرزان بووە."
بەپێی گوتەی نوێنەری بەنزینخانەی مەتین، نرخەکان لە دهۆک بەمشێوەیە دابەزیون:
بەنزینی نۆرماڵ: لە 1850 دینارەوە دابەزیوە بۆ 1425 دینار.
بەنزینی موحەسەن: لە 2300 دینارەوە دابەزیوە بۆ 1925 دینار.
بەنزینی سوپەر: لە 2600 دینارەوە دابەزیوە بۆ 2250 دینار.
نرخەکان لە سلێمانی
بەراورد بە هەولێر و دهۆک، بەنزین لە سلێمانی هەزرانترە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، تاوەکو ئێستا گۆڕانکاری لە نرخی بەنزین لەو شارەدا رووی نەداوە و نرخەکان وەک خۆیان بەمشێوەیە دەفرۆشرێن:
بەنزینی نۆرماڵ: 1200 دینار.
بەنزینی موحەسەن: 1750 دینار.
بەنزینی سوپەر: 1900 دینار.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە دوای ئەو رێککەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر دەبووەوە. پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.




