رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای کورودەرەی سەر بە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، پاسێکی نەفەرهەڵگر و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا 7 کەس گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026 کاژێر 18:20 لە نزیک گەڕەکی ئاجارئۆبا لە قەزای کورودەرە روویداوە. پاسەکە لەنێوان پارێزگاکانی هاتای و دیلۆک کاری کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمی پارێزگاری دیلۆک، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس، جەندرمە، دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو(ئافاد) و تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە ئیلکەر ئێکەر، یاریدەدەری پارێزگاری دیلۆک لە شوێنی رووداوەکە بە میدیای راگەیاند "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانمان، هۆکاری رووداوەکە ئەوە بووە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەوڵی تێپەڕبوونی لە پاسەکە داوە، لە ئەنجامدا سەرەتا خۆی بە پاسەکەدا کێشاوە و دواتر وەرگەڕاوە." یاریدەدەری پارێزگایر دیلۆک راشیگەیاند کە 7 هاووڵاتی کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، لەنێویاندا شۆفێرەکە، گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بە بریندارەکانیش کە هەموویان سەرنشینی پاسەکەن وبرینەکیان سووک و مامناوەندە و لەژێر چارەسەرکردندان.


