رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی شاندەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا، رێککەوتن لەسەر دابڕینی کۆلێجەکانی خانەقین لە زانکۆی گەرمیان و کردنیان بە زانکۆیەکی سەربەخۆ کرا.
کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە، لە بەغدا بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاردرا کۆلێجەکانی سەر بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری خانەقین بکرێنە زانکۆیەکی سەربەخۆ و ئەو پێشنیازە لەلایەن هەردوو لاوە پەسەند کرا.
د. ئاراس زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بیرۆکەی کردنی کۆلێجەکانی خانەقین بە زانکۆیەکی سەربەخۆ بە رەزامەندیی هەردوو لا پەسەندکرا. زانکۆی خانەقین دەبێتە زانکۆیەکی سەربەخۆی سەر بە حکومەتی عێراق."
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجە سەرۆکی زانکۆ نوێکە لە خانەقین بێت؛ گوتیشی: "دوای رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکرێ."
د. ئاراس جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هەنگاوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر زانکۆی گەرمیان نابێت و گوتی: "دوای سەربەخۆبوونی کۆلێژەکانی خانەقین، زانکۆی گەرمیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هاوکات دانپێدانانی فەرمیی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە بۆ دەکرێ."



.webp&w=3840&q=75)