رووداو - دیجیتاڵ
راگرتنی گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ ئەوەی زیانی دارایی بە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی تیکت گەیاندووە، گەشتیارانیشی ناچار کردووە روو لە گەشتی زەوینی بکەن.
سەرسەنگ مەموندی، بریکاری فەرمیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی (ماهان) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 25ی ئەیلوول، گەشتی فڕۆکەیەکی ئەو کۆمپانیایە کە هەموو تیکتەکانی فرۆشرابوون بۆ ئەوەی بۆ تاران بفڕێ، هەڵوەشێندرایەوە. بە گوتەی ئەو مەموندی، بەشی زۆری سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بۆ چارەسەری پزیشکی بەرەو تاران دەچوون.
مەموندی دەڵێ، لە 25ی ئەیلوول بۆ 2ی تشرینی یەکەمی 2026 لە هەولێر و سلێمانی و بەغدا زیاتر لە هەزار تیکت بۆ گەشتەکانیان فرۆشتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
بریکاری ماهان ئێیەر دەڵێت، ئەگەر راگرتنی گەشتەکان بەردەوام بێت، ناچار دەبن پارەی تیکتەکان بگەڕێننەوە بۆ گەشتیاران.
بە گوتەی مەموندی، پێش راگرتنی گەشتەکان، نزیکەی 50٪ی بازرگانان و گەشتیاران بۆ چین، تایلاند و چەند وڵاتێکی دیکە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی ماهانەوە و بە شێوازی ترانزێت و بە تێچوویەکی کەمتر گەشتیان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو گەشتانە راوەستاون.
بەکارهێنانی پاس
لەگەڵ راگرتنی گەشتی ئاسمانی، چوون بە پاس بۆ ئێرانیش بە تەواوی نەیتوانیوە پێداویستیی هاونیشتمانی و هاووڵاتییان دابین بکات.
نەشوان ئیبراهیم، خاوەنی کۆمپانیای فرۆشتنی تیکت و گەشتی پاس بۆ ئێران، بە رووداوی راگەیاند، لە هەولێر تەنیا شەش پاس مۆڵەتی گەشتکردنیان هەیە کە بۆ 11 کۆمپانیا کاری گواستنەوەی گەشتیاران دەکەن و رۆژانە گەشتیاران دەگوازنەوە بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
نەشوان ئیبراهیم دەڵێت، وەستانی گەشتی فڕۆکەوانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کاریگەری لەسەر فرۆشی تیکتەکانی پاس دروست کردووە و ئێستا چوون بە پاس بە رێژەی 20٪ زیادیکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بریکاری ماهان ئێیەر، نرخی گەشتی چوون و هاتن بە فڕۆکە لە هەولێر بۆ تاران 220 دۆلار و لە سلێمانی بۆ تاران 180 دۆلار بوو.
نەشوان ئیبراهیم نرخی گەشتی پاسەکان بەم شێوەیە راگەیاندووە:
هەولێر – تاران – هەولێر: 70 هەزار دینار.
هەولێر – پیرانشار – هەولێر: 24 هەزار دینار.
هەولێر – مەهاباد و ورمێ: 40 هەزار دینار.
رۆژی 20ی ئەیلوول، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە 23ی ئەیلوولەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهان دادەخرێن. بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.


.webp&w=3840&q=75)
