رووداو دیجیتاڵ
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران، سزای بەندکردن، لێدانی قامچی و پێبژاردنی سێ برا و چالاکڤانی مەدەنیی خەڵکی ئیلامی پەسند کرد. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، تێکڕا سزای 69 ساڵ بەندکرانیان بۆ دەرچووە.
بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە لەبارەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکە، پێنجشەممە 05-11-2026، لقی 11ـی دیوانی باڵای دادوەریی ئێران، سزاکانی (ئەمیرعەلی زاکەریفەرد)ـی تەمەن 44 ساڵان و (عیماد) و (محەممەد)ـی برای کە خەڵکی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانن، وەک خۆی پەسند کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم سێ برایە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان دەستبەسەر کراون و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ئیلام راگیراون.
پێشتر لقی 4ـی دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام سزاکەی پشتڕاست کردبووەوە کە (ئەمیرعەلی زاکەری فەرد) لە کۆی دۆسیەکانیدا سزای 35 ساڵ بەندکردن، لێدانی 70 قامچی و پێبژاردنی 625 ملیۆن تمەنی بۆ دەرچووبوو.
دۆسیەی (ئەمیر عەلی) دەگەڕێتەوە بۆ خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 و رووداوەکانی تایبەت بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
هاوکات (عیماد زاکەری فەرد)، سزای 33 ساڵ بەندکردن، لێدانی 70 قامچی و پێبژاردنی 625 ملیۆن تمەنی بۆ دەرچووە و هاوشێوەی براکەی، یەکەم جار پاییزی 2022 دەستگیر کراوە، بەڵام دواتر تاوەکو نیسانی ئەم ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، برای سێیەمیان بە ناوی (محەممەد زاکەری فەرد) پەیوەست بە هەمان دۆسیە، سزای یەک ساڵ بەندکران، لێدانی 55 قامچی و پێبژاردنی 9 ملیۆن تمەنی بۆ دەرچووە.
دادگەی پێداچوونەوەی ئیلام تۆمەتەکانی ئەو سێ هانیشتمانییەی ''کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، سووکایەتیکردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پرۆپاگەندە دژی دەسەڵات، راگرتنی کەرەستەی تایبەت بە ئینتەرنێتی ستارلینک و خواردنەوە کحولییەکان'' راگەیاندووە.
16ـی ئەیلوولی 2022، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ناڕەزایی و خۆپێشاندانی گەورە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و چەند مانگ درێژەی کێشا و بە سەدان کەس بوونە قوربانی یان دەستگیر کران.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز رۆژی 16-09-2022 لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا. سێ رۆژ پێش گیانلەدەستدانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی تاران بە پاساوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەر کرابوو و لە بنکەی پۆلیس تەندروستی تێکچوو. کەسوکاری ژینا ئەمینی و پارێزەری دۆسیەکەی رایانگەیاندووە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و بەو هۆیە گیانی لەدەستداوە، بەڵام پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رەتی دەکەنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
