رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەک لە عەفرین دەڵێ، نزیکەی 1,400 مامۆستا کە گەڕاونەتەوە عەفرین و دەرچووی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، چاوەڕێی بڕیارێکی فەرمی دەکەن بۆ ئەوەی دەست بە کار بکەن.
رۆژی شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەیەک لە عەفرین لەنێوان ئیلهام ئەحمەد و ئارف سیدۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی عەفرین و ژمارەیەک مامۆستادا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی مامۆستا گەڕاوەکان و دەرچووانی پەیمانگەی ڤیان ئامارا کرا.
هۆگر ئیبش، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و دەرچووی پەیمانگەی ڤیان ئامارا، رۆژی یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، بەشداری لە گەشتی هەواڵەکانی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کرد و وردەکاریی دۆخەکەی بۆ نالین حەسەن خستەڕوو.
"بڕیار لە دیمەشقە"
هۆگر ئیبش رایگەیاند کە نزیکەی 1,400 مامۆستای گەڕاوەی عەفرین و حەلەب و دەرچووانی پەیمانگەی ڤیان ئامارا، چاوەڕێی بڕیارێکی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەن.
ئیبش ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا تەنیا 153 مامۆستا دامەزرێندراون، بەڵام ئەوانیش ناچنە قوتابخانەکان و تەنیا مووچەکانیان وەردەگرن.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، کێشەی سەرەکی لە دیمەشقە و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی عەفرین تەنیا ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکات کە لە دیمەشقەوە دەردەچن.
هۆگر ئبیش گوتی: "پەیمانگەی ڤیان ئامارا، کە لە ساڵی 2013 وەک یەکەمین پەیمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دامەزرا، لە سیستمی نوێدا دانی پێدا نەنراوە."
وەک ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەرچووانی ئەم پەیمانگەیە و زانکۆکانی دیکەی وەک زانکۆی رۆژئاوا و زانکۆی کۆبانێ، نەتوانن بە شێوەیەکی فەرمی بۆ مامۆستایەتی ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
ئبیش باسی لەوەش کرد کە ئەو قوتابییانەی ساڵانێک بە زمانی کوردی خوێندوویانە، ئێستا لە عەفرین بە زمانی عەرەبی دەخوێنن و ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ دروستکردوون.
دەربارەی وانەکانی زمانی کوردیش، ئبیش رایگەیاند هەرچەندە بڕیار هەیە هەفتانە سێ کاژێر وانەی کوردی بگوترێتەوە، بەڵام ئەمە بە تەواوی جێبەجێ ناکرێ و مامۆستای پسپۆڕ بۆ ئەم وانەیە دانامەزرێندرێن.



.webp&w=3840&q=75)