رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی پارێزگای ورمێ دەڵێ، ساڵانە زیاتر لە 190 هەزار تۆن ترێیان هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەرهەمەکە دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە 32 هەزار کەس رەخساندووە.
ئەمڕۆ هەینی 25-09-2026، سەخاوەت خەیرخاهـ، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەنگاوی باش بۆ دروستکردنی کارگە و پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی ترێ لە پارێزگاکە نراوە.
بەگوتەی سەخاوەت خەیرخاهـ، بەرهەمی ساڵانەی ترێی پارێزگاکە دەگاتە زیاتر لە 190 هەزار تۆن و لانیکەم دەرفەتی کاری بۆ زیاتر لە 32 هەزار کەس رەخساندووە.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ورمێ گوتی، تاوەکو ئێستا 41 کارگەی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی ترێ لە پارێزگاکە کراونەتەوە و مۆڵەتی دەستبەکاربوون بۆ 33 کارگەی دیکەش دەرکراوە.
دەشڵێت، کەرتی کشتوکاڵ 17٪ و کەرتی پیشەسازیش 24٪ـی ژێرخانی ئابووریی پارێزگای ورمێ لەخۆدەگرن.
پارێزگای ورمێ زیاتر لە 800 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی، رەز و باخی هەیە کە ساڵانە 21 هەزار هێکتاری دەکرێتە ترێ.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە، ساڵانە زیاتر لە هەزار تۆن ترێی پارێزگاکەش هەناردەی وڵاتانی دراوسێ دەکرێ.


.avif&w=3840&q=75)