رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ، 24-09-2026، وێبسایتی زانکۆلاین بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێت؛ ئەمەش وایکردووە قەرەباڵخییەکی زۆر لە سەنتەرەکانی پڕکردنەوەی فۆرم دروست ببێت و خوێندکاران لە هەوڵی کۆتاییدان بۆ دیاریکردنی ئایندەی ئەکادیمییان.
رێکخراوەکان هاوکاریی خوێندکاران دەکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان. تەنیا لە سەنتەرەکانی دەزگای روانگە، زیاتر لە 2500 فۆرمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12 پڕکراونەتەوە.
عیسا بەشارەتی، بەرپرسی روانگە خوێندن لە دەزگای روانگە بە رووداوی رایگەیاند: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، دوای بەشە پزیشکی و ئەندازیارییەکان، خواستێکی زۆر لەسەر بەشە جیاوازەکانی دیکەش هەیە".
سکای سەفەر، کە یەکێکە لە دەرچووە یەکەمەکان و کۆنمرەی 96ی بەدەستهێناوە، دەڵێت، هەرچەندە دەرگای زۆربەی بەشەکانی بۆ کراوەتەوە، بەڵام ئەو بە وردی بیر لە هەڵبژاردنی بەشێک دەکاتەوە کە لەگەڵ حەز و خولیاکانی بگونجێت. هاوکات رەوشت کەمال، دەرچوویەکی دیکەی پۆلی 12ـە و باس لەوە دەکات کە هەڵبژاردنی بەشەکان پرۆسەیەکی چارەنووسسازە و پێویستی بە راوێژ و سەرنجی ورد هەیە.
زانکۆی سەڵاحەدین، کە یەکێکە لە 20 زانکۆ حکومییەکەی هەرێمی کوردستان، بە 17 کۆلێژ و 89 بەشی ئەکادیمییەوە، ساڵانە هەوڵ دەدات لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا خۆی بگونجێنێت.
سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت: "زانکۆ بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە کوالێتیی خوێندن بەرز بکاتەوە و بەشی نوێ بکاتەوە کە لەگەڵ داواکارییەکانی سەردەم و بازاڕی کاردا بگونجێت."
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆی گشتیی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە هەرێمی کوردستان 40,716 خوێندکارە، کە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکەن.

