رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی پێشوویان لەگەڵ هاوپەیمانان، پارەی هاوکاریی دارایی بۆ پێشمەرگە کۆتایی دێت و ئەمڕۆ دوایین هاوکاری هاوپەیمانان دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، ئەم رێککەوتننامەیە لە 21-9-2022 بۆ 21-9-2026 بوو بۆ ماوەی 4 ساڵ، ئێستا یاداشتەکە کۆتایی هاتووە، بەم جۆرە ناردنی پارەکەش لەلایەن هاوپەیمانانەوە کۆتاییهات".
دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوول، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی 8 و 9ی ساڵی 2026 دابەش دەکرێت. سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئەوە دوایین هاوکاری بوو بەگوێرەی رێککەوتنەکە".
وەزارەتی پێشمەرگە نایەوێت دەستبەرداری هاوپەیمانان بێت بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەم پارەیە کۆتایی دێت، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا ئەگەری یاداشتێکی بەهێزتر و فراوانتر هەیە و ئومێدمان وایە، لەم قۆناخی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا لە هاوکاری و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان بەردەوام بن".
هاوکارییەکەی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، 21ی ئەیلوولی 2026 وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی یەکخستنەوەی هەموو هێزەکانی راگەیاند.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەبارەی بەردەوامبوونی هاوکاریی هاوپەیمانان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند: "رێککەوتنەکەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ بوو. ئەو یارمەتییە داراییەی تەرخانیان کردبوو بۆ هێزی پێشمەرگە، ساڵی یەکەم ئەگەر لە 100% بووبێت، ساڵی دووەم لە 25%ی کەم کرایەوە، ساڵی سێیەم 50%، هەموو ساڵێک لە 25%ی کەم کرایەوە، ساڵی 2026، 25%کەش نامێنێت."


.png&w=3840&q=75)
