رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (AFAD) رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەری پارێزگای رووهای هەژاند و تائێستا زیانەکانی نەزانراون.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئافاد، بوومەلەرزەکە کاژێر 10:40ی بەیانیی ئەمڕۆ روویداوە و ناوەندەکەی شارۆچکەی قەرەکۆپری بووە لە پارێزگای رووها لە باکووری کوردستان.
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستانیش هەستی پێکراوە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر زەرەر و زیانی گیانی یان مادیی رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە و تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی لێکۆڵینەوە و گەڕانن لە ناوچەکەدا.
تیمەکانی بەڕێوەبردنی کارەسات کەوتوونەتە باری ئامادەییەوە تاوەکو لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی دیکەدا بەهانای هاووڵاتییانەوە بچن.
پارێزگای رووها و ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستان و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا دەکەونە سەر هێڵی چالاکی بوومەلەرزە. پێشتریش لە 6ی شوباتی 2023دا، ئەم ناوچەیە رووبەڕووی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی مەرەش بووەوە کە زیانێکی زۆری گیانی و مادیی بە پارێزگای رووها و دەوروبەری گەیاند.




.png&w=3840&q=75)