رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، زەوییەکانی سنووری مادەی 140یان لە دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی لابردووە کە 20 پارچە زەوی بوون و تێکڕای ئەو زەوییانەی لە شارەکە دابەش دەکرێن دەگاتە زیاتر لە 10 هەزار دۆنم.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کەرکووک ناکۆکی هەبووە لەبارەی ئەو زەوییانەی بڕیارە لە شارەکە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی دابەش بکرێن.
زوهێر عەلی رایگەیاند، بژارەی یەکەم وابووە کە زەوییەکانی مادەی 140 لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکاندا بن، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی زەوی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی زەوی، ئەو زەوییانەیان دیاریکرد کە دابەش دەىکرێن بەوەى ئەوانە نەگرێتەوە کە دەکەونە سنوورى مادەی 140 .
دەستپێشخەریی یەک ملیۆن زەوی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە راگەیێنرا بۆ ئەوەی لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکرێت کە سوودمەند نەبوون بۆ چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوون.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، ئەو زەوییانەی لە کەرکووک لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییە دابەش دەکرێن ئەوانەن کە مادەی 140 نایانگرێتەوە.
بە گوتەى زوهێر عەلى 6500 دۆنم لە ناوەندی پارێزگای کەرکووک و 3700 دۆنمی دیکە لە قەزا و ناحیەکان دیاری کراون بۆ دابەشکردنیان، 20 پارچە زەوی لەو دابەشکردنە لادراون کە مادەی 140 دەیگرتنەوە.
رێگری لە دابەشکردنی زەوییەکانی مادەی 140 لە کەرکووک بەهۆی ئەوەیە کە هێشتا خاوەندارێتییان لەنێوان عەرەبی هاوردە و کورد و تورکمان یەکلایی نەبوونەتەوە.

.png&w=3840&q=75)

