رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو چالاکڤانی بواری ژینگە و ئەدەبیان دەستگیر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی ئیتڵاعات لە شاری بانە ژینگەپارێزێکیان بەناوی "ئازاد رەحمەتی" دەستگیر کردووە.
هاوکات لە هەمان رۆژدا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یوسف رەحیمی، نووسەر و چالاکڤانی ئەدەبی، کە بەرپرسی ئەنجوومەنی ئەدەبیی "هاژە"یە لە بانە و ئەویشیان دەستبەسەر کردووە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەش کردووە، دەستگیرکردنی ئەو دوو چالاکڤانە بەبێ پێشاندانی بڕیاری دادگە و بەڵگەنامەی فەرمی بووە؛ هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵەکانیاندا دەستیان بەسەر مۆبایل و لابتۆپەکانیاندا گرتووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان لە دامودەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی شارەکە، تاوەکو ئێستا شوێنی راگرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئازاد رەحمەتی و یوسف رەحیمی کراون ئاشکرا نەکراون.



