رووداو دیجیتاڵ
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ زەنگی خوێندن لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە لێدرا و ساڵی خوێندنی 2026-2027 بە فەرمی دەستی پێکرد."
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار قوتابی لە حەوت هەزار و 590 قوتابخانەی حکومی و ناحکومی روو لە پۆلەکانی خوێندن دەکەن.
سەبارەت بە قوتابییانی نوێ، ئالان حەمەسەعید دەڵێ: "بۆ ئەم ساڵی خوێندن زیاتر لە 150 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی ناویان تۆمارکراوە و دەست بە خوێندن دەکەن؛ هەروەها 20 هەزار منداڵیش لە باخچەکانی ساوایان ناونووس کراون".
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان باسی لە گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردە کرد گوتی:"لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا 310 قوتابخانە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراون و خراونەتە خزمەت کەرتی پەروەردە".
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان 15ـی ئەیلوول ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 بڵاوکردەوە.
بەپێی ساڵنامەکە، وەرزی یەکەم لە 72 رۆژی خوێندن پێکدێ کە ئەمڕۆ 20-09-2026 دەستپێکی وەرزی یەکەم بوو؛ 03-01-2027یش دەستپێکی وەرزی دووەم دەبێت.




