رووداو دیجیتاڵ
کەسێک ڤیدیۆی 10 هاونیشتمانی بڵاو کردووەتەوە و بە زمانی عەرەبی دەڵێ، ئەوانە کوردن. رووداو لەگەڵ کەسوکاری ئەو گەنجانە قسەی کردووە و دەڵێن، بۆ ئازادکردنی هەر یەکەیان داوای چوار هەزار دۆلار دەکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان، ئەو 10 گەنجە خەڵکی حاجیاوا و چوارقوڕنەن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی و ماوەی 45 رۆژە هەرێمی کوردستانیان بەرەو لیبیا جێهێشتووە، بۆ ئەوەی لەوێوە بگەنە ئەورووپا.
کەسوکاری گەنجەکان، کە لەبەر سەلامەتیی گەنجەکان نایانەوێ ناوی خۆیان بڵێن، ئاماژە بەوە دەکەن، "کەسێک پەیوەندیی پێوە کردوون و بۆ ئازادکردنیان بۆ هەر یەکەیان داوای 40 وەرەقە دەکەن، لە کاتێکدا ئێمە پارەمان داناوە بە سەلامەت بگەیێندرێنە ئەورووپا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی گەنجەکانی دەستبەسەر کردووە لە ناوچەیەکی لیبیایە و ناوی (ئەبو عەلی)یە و ئێستا مامەڵە لەگەڵ قاچاخچیی گەنجەکاندا دەکات بۆ ئەوەی بە پارە کوردەکانیان رادەست بکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو کراوەتەوە، گەنجەکان تەمەنیان لە دەوروبەری 18 بۆ 25 ساڵدایە، کەسوکاریان چاویان لەوەیە، سبەی بەشێکیان لەلایەن ئەو باندەوە ئازاد بکرێن کە دەستبەسەریان کردوون.
بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداری جیاوازەوە، لیبیا بە شوێنێکی مەترسیدار دادەنرێت و چەندین جار هۆشداری بە هاونیشتمانیان دراوە، ئەو رێگەیە بۆ چوونە ئەورووپا بەکار نەهێنن.
8ی ئەم مانگە 33 گەنجی دیکەی کورد کە لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
ئاکام ئەحمەد، یەکێک لەو گەنجانەی گەڕابووەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رەوشمان خراپ بوو، خواردنمان کەم بوو. سێ گەنجی دیکە ماونەتەوە، گوتوویانە باڵیۆزخانەی عێراق لە دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا دەیانگەڕێنێتەوە".
ئەو 33 گەنجە کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 27 ساڵیدا بوو، هەر یەکێکیان لەگەڵ قاچاخچی بە 19 هەزار دۆلار رێککەوتبوون بەو هیوایەی بیانگەیێننە خاکی ئیتاڵیا، بەڵام خەونەکەیان لە لیبیا کۆتایی هات و مانگێک لە دڵەڕاوکێ و ترسدا ژیان.
ئەو گەنجانەش خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون. عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەکە، بە رووداوی راگەیاند: "داوامان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کار لەسەر دۆسیەکەیان بکەن، بەتایبەتی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان و وەزارەتی ناوخۆ لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی کۆچکردن".



