رووداو ديجيتاڵ
لەسەر بنەماى پلانى رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، حکومەتى عێراق پلانێکی شەش ساڵە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال داڕشتووە کە نزیکەى لە یەک تریلیۆن دیناری تێدەچێت، بەگوێرەی پلانەکە کە دەست رووداو کەوتووە ، 36 هەزار خانوو بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە .
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەرانی شنگال لە 17ی ئەیلوول کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.
خالید سەیدۆ، نوێنەری شنگال لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی نەخشەڕێگەکە کرا کە رێکخراوی (UNDP) ئامادەی کردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و لە ماوەی 6 ساڵدا جێبەجێدەکرێت. "نزیکەى یەک تریلیۆن دیناری تێدەچێت و بڕیاردرا لیژنەیەک لە نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پێکبهێنرێت."
بڕیارە ئەو پلانە شەش ساڵییە تاوەکو 2032 بە چەند قۆناخێک جێبەجێ بکرێت، کە هەر کەرتێک لە شنگال پڕۆژە و تێچووەکەی لەو راپۆرتەی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) باس کراوە.
خالید سەیدۆ رایگەیاند، داوا لە نوێنەرانی شنگال و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ ئەوەی تێبینییان لەسەر نەخشەڕێگاکە هەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بۆ ئەوەى جێى بکرێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی ئەو زیانانە کراوە کە بەر دامەزراوە فەرمییەکانی شنگال کەوتوون بەهۆی شەڕی داعش لە نێوان 2014 بۆ 2017دا.
یوئێن دی پی لە راپۆرتەکەدا دەڵێ، باڵەخانەکانی دادگە، تۆماری خانووبەرە، شوێنەوار و پۆلیس لە شنگال 100% زیانیان بەرکەوتووە، نووسینگەی دادنووسی و بانکی کشتوکاڵی 80% زیانیان بەرکەوتووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئامار 75% و خانەی بێسەرپەرشتان 70% زیانیان بەرکەوتووە.
هەڵسەنگاندنی رێکخراوەکە لەبارەی بڕی تێچووی ئاوەدانکردنەوە بەگوێرەی ناوچەکانی سنووری قەزای شنگال جیاکراونەتەوە کە تێکڕا پێویستیان بە 875 ملیار و 827 ملیۆن دینارە.
ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە ناوەندی قەزای شنگال، زیاتر لە 77.2 ملیار دیناری تێدەچێت، بەشێوەیەک کە بەهێزکردنی توانای فەرمانبەرانی حکومی لە بوارەکانی خۆکردی و شەفافیەت و لێپرسینەوە و سیستەمی سکاڵا لە ناوەندی قەزای شنگال پێویستی بە 1.5 ملیار دینارە، چالاککردنەوە و دووبارە بونیاتنانەوەی باڵەخانەکانی شارەوانی و ژێرخان 71.2 ملیار دیناری پێویستە، باشکردنی خزمەتگوزاریی تۆماری شارستانی وەک کارتی نیشتمانی پێویستی بە 4.5 ملیار دینارە.
ناحیەی سنوونێ بۆ جێبەجێکردنى هەمان پڕۆژە پێویستی بە 56 ملیار دینار دەبێت، ناحیەی گرعوزێر پێویستی بە 6.9 ملیار دینار و قەیرەوان 36 ملیار دینارە بۆ هەمان ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی شنگال دەستەبەر دەکرێن، هەرچی ناوچەکانی دیکەی شنگالە پێویستیان بە 1.5 مليار دینارە.
36 هەزار خانوو زیانیان بەرکەوتووە
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی شەڕی داعشەوە 36 هەزار و 140 خانوو زیانیان بەرکەوتووە کە هەندێکیان بە یەکجاری رووخاون و هەندێکی دیکەیان زیانیان بەرکەوتووە.
زۆرترین زیان بەر خانووەکانی ناحیەى سنوونێ کەوتووە کە 9 هەزار و 944 خانوون، بە شێوەیەک کە 4 هەزار و 175خانوو بەتەواوی رووخاون و 5 هەزار و 769 خانوویان زیانیان بەرکەوتووە، کەمترین خانوو کە زیانی بەرکەوتووە لە ناحیەی قەیرەوان بووە کە 7 هەزار و 703خانوو بوون .
تێچووی چاککردنەوە و بونیاتنانەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکانی قەزای شنگال بە 810 ملیار و 110 ملیۆن دینار مەزەندە کراوە.
کارەبا زۆرترین خەرجیی دەوێت
بۆ کەرتی تەندروستیی شنگال، بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا پێویستی بە 54.9 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی و دابینکردنی پێداویستی تەرخان دەکرێت.
بۆ کەرتی پەروەردە لە دروستکردنی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوە، 32.5 ملیار دینار وەک خەمڵاندنی تێچووەکەی دیاریکراوە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ، شنگال پێویستی بە 18.3ملیار دینار دەبێت.
خەمڵاندنی تێچووی چاککردنەوە و دروستکردنی رێگەوبان و قیرتاوکردنی قەزای شنگال بە 50.7 ملیار دینار دیاریکراوە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە کەرتی کشتوکاڵ و هاوکاری و پاڵپشتیی پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، پێویستی بە 31 ملیار دینارە، هەرچی کەرتی کارەبایە لە بواری بەستنی کەیبڵ و دانانی ستوونی کارەبا و گۆڕەری کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە پێویستی بە 71.5 ملیار دینار دەبێت.




