رووداو دیجیتاڵ
لە نەغەدەی پارێزگای ورمێ، پێنج کەس بە تۆمەتی تەقەکردن لە سنووری شارەکە دەستگیر کران؛ فەرماندەی پۆلیسی نەغەدە دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دەست بەسەر دەمانچەیەکیشدا گیراوە.
ئۆپەراسیۆنەکە دوێنێ پێنجشەممە 17-09-2026 لە شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە. یوونس ئەرجوومەند، فەرماندەی پۆلیسی نەغەدە رایگەیاند: ''لە 48 کاژێری رابردوودا چەندین جار لە سنووری شارەکە تەقە کراوە و دوای ئاگادارکردنەوەمان دەست بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەران کرا.''
بەگوتەی یوونس ئەرجوومەند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێنج کەسیان لە شارەکە بە تۆمەتی ''تەقەکردن و تۆقاندنی خەڵک'' دەستگیر کردووە.
وەک فەرماندەی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو پێنج کەسەدا، دەستیان بەسەر دەمانچەیەکدا گرتووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەستگیرکراوان کردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دەستگیرکراوان نەخراوەتەڕوو و ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.



