رووداو دیجیتاڵ سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە لیۆ جوون، کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەولێر کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو. لە دیدارەکەدا کۆنسووڵی چین جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، کۆنسووڵی چین پێزانینی بۆ "خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان" هەبووە. لە دیدارەکەدا لیۆ جوون رایگەیاندووە: "کارکردنم لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەند و گرنگ بووە،" هەروەها هیوای سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان خواستووە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و پەکین، کۆنسووڵی گشتیی چین ئاماژەی بەوە کردووە: "چین خوازیاری ئەوەیە کە لە بواری ئابووری، پەروەردە و تەکنەلۆژیادا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێبدات." لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی سوپاسی کۆنسووڵەکەی کردووە کە لە ماوەی کارکردنیدا "رۆڵێکی بەرچاوی بۆ قووڵکردنەوەی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان گێڕاوە" و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتووی بۆ خواستووە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ رۆڵی شارستانییەتی چین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە و رایگەیاندووە: "هەوڵەکانی سەرکردایەتیی چین بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان و یارمەتیدانی سەقامگیری و پێشکەوتن لە ئاستی جیهانیدا بەرز دەنرخێنین."
کوردستان16-09-2026باڵیۆزی ئیتاڵیا بۆ سەرۆک بارزانی؛ رۆما بە گرنگییەوە دەڕوانێتە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان
کوردستان16-09-2026عەبدولستار مەجید: کاک مەسعود و کاک بافڵ داوایان لێکردین بەشداری لە پەرلەمان و حکومەتدا بکەین