رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گواستنەوە سەر بە شارەوانیی کرماشان دەڵێت، نرخی کڕیی گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانە لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشان بە بەراورد بە پار نزیکەی 40% گران دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، غوڵامڕەزا شەهبازی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گواستنەوە سەر بە شارەوانیی کرماشان رایگەیاند، "بەپێی بڕیارێک کە دراوە، ئەم ساڵ کڕێی گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانەکان بە بەراورد بە پار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ پار نزیکەی 40% دەبێت."
غوڵامڕەزا شەهبازی گوتی: "وردەکاری و نرخە دیاریکراوەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بە شێوەیەکی فەرمی رادەگەیەنرێن. نرخە نوێیەکان دوای راگەیاندنی فەرمی، دەبنە بنەما بۆ وەرگرتنی کرێی گواستنەوە لە ساڵی نوێی خوێندندا."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گواستنەوە سەر بە شارەوانیی کرماشان هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە سەرجەم ئەو شۆفێرانەی لە بواری گواستنەوەی قوتابیاندا کار دەکەن، پشکنینی تەکنیکی بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن و بڕوانامەی پەیوەندیدار پێشکەش بکەن تاوەکو لە دۆسیەکانیاندا تۆمار بکرێت.
لە سەروبەندی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، یەکێک لە نیگەرانییە جیدییەکانی خێزانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی گواستنەوەی قوتابیانە؛ بابەتێک کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێویی ژیان، گوشاری دەروونی و دارایی زیاتر دەخاتە سەر خێزانەکان.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی نوێی خوێندن لە 23ی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات.

