رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، بڕیارە شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بکەن، بە مەبەستی دروستکردنی یەکدەنگی و خستنەڕووی دەرئەنجامی گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027. دوێنێ سەردانی پارتییان کرد و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی یەکێتی و یەکگرتووش بکەن.
شاندەکە لە 8ـی ئەیلوول سەردانی بەغدای کردبوو و چەندین کۆبوونەوەی لە ئاستی باڵا کردبوو. شەممە، 12ـی ئەیلوول، شاندەکە یەکەم وێستگەی کۆبوونەوەکانی لە پیرمام بە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێکرد و بڕیارە تەواوی لایەنەکانی دیکەش بگرێتەوە.
زیرەک تەیار زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەی دوێنێ زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بوو. باس لەو گفتوگۆیانە کرا کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەنجامی دابوون. ئێمە زانیاریی وردمان لە شاندەکە وەرگرت و گفتوگۆی تێروپڕ لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کرا کە پەیوەستن بە مافە دەستوورییەکانی خەڵکەوە."
هاوکات شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کۆبوونەوەیەیان لەگەڵ پارتی لە چوارچێوەی بەشداریی حکومەتە لە ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2027، تێیدا ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم دواییەی شاندەکە لە بەغدا لەگەڵ هەرسێ وەزارەتی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدراڵ خرایەڕوو، هەروەها تێڕوانین و پێشنیازە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بودجەکە تاوتوێ کران.
سەردانی یەکێتی و یەکگرتوو بۆ بەرچاوڕوونییە
بڕیارە شاندەکەی حکومەت لە گفتوگۆکانی بەردەوام بێت و سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بکات. لەوبارەیەوە هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی شاندی حکومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد لەسەر بودجەی 2027 لەگەڵ بەغدا، بڕیاردراوە لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییە کوردستانییەکان کۆببنەوە تاوەکو وردەکاریی کۆبوونەوەکان بگەیێننە ئەندامانی پارتەکان، بە مەبەستی پێدانی زانیاری لەبارەی ئەو خاڵانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە و ئەوانەشی هێشتا رێکنەکەوتوون؛ کە بەگشتی پێکهاتوون لە؛ بودجە، پلەبەرزکردنەوە، سێ یەکەمەکان، مووچە، سووتەمەنی و گرێبەستەکان".
بە گوتەی هەرێم کەمال ئاغا، بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ بودجە بخرێتە دەنگدانەوە و گوتی:"هەربۆیە پێویستمان بە بەرچاوڕوونییە. بڕیارە بێنە لای یەکێتیش، بەڵام هێشتا لەبارەی کاتەکەی ئاگادار نەکراوینەتەوە و هیچمان پێنەگوتراوە".
لەبارەی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە رووداوی گوت: "ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک روونەدات، شاندەکە ئاگاداریان کردووینەتەوە کە سبەی دووشەممە، 14ـی ئەیلوول لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو لە شاری هەولێر سەردانمان بکەن، بۆ ئەوەی وردەکاریی کۆبوونەوەکانیانمان بۆ بخەنەڕوو."
داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا چین؟
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، کارە لەپێشینەکان و داواکارییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەم جۆرەن:
پرسی مووچە: هەوڵی یەکەم و سەرەکیی شاندەکە ئەوەیە کە بابەتی مووچەی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی فیعلی جیابکرێتەوە و بەپێی سارژمێری ساڵی 2024 و بە رێژەی 14.1 مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کە بەغدا جارێ ئەمەی قبووڵنەکردووە.
داواکاریی دارایی کۆی بودجە: حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 29 ترلیۆن دیناری کردووە، کە زیاتر لە 11 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەیە، پێنج ترلیۆن دیناری بۆ بودجەی وەبەرهێنانە، و بڕەکەی دیکەش بۆ خەرجیی بەکاربردن و بەگەڕخستنی دامودەزگاکانی حکومەتە.
فەرمانبەران و دامەزراندن: دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران بە لەبەرچاوگرتنی مافی پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی نوێ.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکانی بەغدا لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و پلەبەرزکردنەوە دروستبووە، بەڵام یەکلاکردنەوەی کۆتایی مووچە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە.
دامەزراندنی گرێبەستەکان: بەهەمیشەییکردنی زیاتر لە 80 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 30 هەزاریان ئێستا گرێبەستن و لەلایەن بەغداوە مووچەکانیان دێت زیاترلە 60 هەزاریشیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن داوای دامەزارندنی هەموویان کراوە.
هاوتاکردن و چاودێریی کۆمەڵایەتی: هاوتاکردن و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خانەنشینان هاوشێوەی عێراق، مووچەی خێزانە کەمدەرامەتەکان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، شەهیدان، ئەنفالکراوان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی، لەگەڵ شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی خەرجیی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.
پێشتریش لە 20-8-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە دوای زیاتر لە مانگێک لە خەمڵاندنی وردی داهات و خەرجییەکان، پرۆژەی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2027 بە شێوازی کاخەز و ئەلیکترۆنی ئاراستەی بەغدا کردووە.
بۆچی ئەم کاتە بۆ هەرێمی کوردستان یەکلاکەرەوەیە؟
بەپێی یاسا و دەستوور، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەسەڵاتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی لە رەشنووسی بودجەدا هەیە، بەڵام بۆی نییە تێچووەکان زیاد بکات یان باری دارایی بەسەر حکومەتدا دروستبکات. لەبەر ئەم هۆکارە، چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی نووسینەوەی رەشنووسەکەدا لەنێو حکومەتدا زۆر گرنگتر و کاریگەرترە لەو کاتەی پرۆژەکە دەگاتە نێو هۆڵی پەرلەمان.
ئامانجی سەرەکیی ئەم جموجۆڵ و سەردانانەی شاندی حکومەت لەگەڵ بەغدا و هاوکات لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان، مسۆگەرکردنی بەشداریی راستەقینەی هەرێمی کوردستانە لە داڕشتنی رەشنووسەکەدا، بە تایبەت کە بڕیارە لە 15ـی ئەم مانگەدا (ئەیلوول) رەشنووسی بودجە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووشدا (تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر) رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ پەسندکردن.



