رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێت، چنینەوەی چەوەندەری بەهارە لە پارێزگاکەدا دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن، بەرهەمەکە زیاتر لە 1.2 ملیۆن تۆن بێت.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، سەعید کەریمی رایگەیاند، ئەمساڵ لە رووبەری 15 هەزار و 900 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە چەوەندەری بەهارە چێنراوە و بەپێی خەمڵاندنەکانیان، سەرووی یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن بەرهەمیان دەبێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان، چەوەندەرە بەرهەمهاتووەکە رادەستی 10 کارگەی شەکر دەکرێت کە دوویان لە پارێزگاکەن و هەشتی دیکەیان لە پارێزگاکانی ورمێ، هەمەدان، ئیسفەهان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، خوراسانی رەزەوی و قەزوینن.
سەعید کەریمی ئاماژەی بە پلان و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکان کرد و رایگەیاند: "چەندین کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کارگەکانی شەکر لە ناوخۆ و دەرەوەی پارێزگاکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە بەڕێوەچوون، کە ئامانج لێیان ئاسانکارییە لە پرۆسەی هەڵگرتنەوە، کۆکردنەوە و فرۆشتنی چەوەندەرەکان بە کارگەکان."
بەگوتەی کەریمی، "بۆ ئەوەی پرۆسەی رادەستکردنی چەوەندەرەکان بە کارگەکان بە هاوئاهەنگی و ئاسانکاریی زیاتر بەڕێوەبچێت، پسپۆڕانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان سەرپەرشتی و چاودێریی تەواوی پرۆسەکە دەکەن."
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ئەمساڵ هەر تۆنێک چەوەندەر لەنێوان نۆ ملیۆن و 270 هەزار تمەن تاوەکو نۆ ملیۆن و 870 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت.
لە پارێزگای کرماشان چەوەندەری پاییزەش دەچێندرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ لە رووبەری 6 هەزار و 350 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان چەوەندەری پاییزە چێنرابوو کە بەرهەمەکەی زیاتر لە 417 هەزار تۆن بوو، بەو پێیەش پارێزگاکە بوو بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری چەوەندەر لەسەر ئاستی ئێران.