رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا لە ئامەد لەبارەی نووسین بە زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان گوتی: "زمانی کوردیش زمانی ئێمەیە. هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەم بابەتەدا نییە."
عوسمان گۆکچەک، پەرلەمانتاری بازنەی ئەنقەرەی ئاکپارتی، بە یاوەریی شاندێکی باڵای رێکخستنەکانی پارتەکەی، رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026 سەردانی ئامەدی باکووری کوردستانی کرد.
گۆکچەک گوتی: "گوێ لە کێشەی خەڵک و کاسبکاران دەگرین و وردەکارییەکەی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ناوەندی گشتیی پارتەکەمان رادەگەیێنین."
گۆکچەک تێڕوانینی خۆی لەبارەی کەشی ناوچەکە و پڕۆسەی چارەسەری خستەڕوو و گوتی: "ئەمڕۆ بەنێو بازاڕدا گەڕام. بەپێی ئەوەی لە بازاڕدا بینیم، هەموو کاسبکاران و هاووڵاتییانمان بەڕاستی پشتگیرییەکی زۆر لە تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەن و زۆر دڵخۆشن پێی."
عوسمان گۆکچەک لە وەڵامی پرسیاری ماشەڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە بەشێک لە تابلۆکان کە زمانی کوردیشیان لەسەر نووسراوە ئاماژەی بەو هەنگاوانە کرد کە لە سەردەمی ئاکپارتیدا نراون و گوتی: "ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ لە هەموو بابەتێکی پەیوەست بە زمانی کوردی رێگەمان بۆ ئەم کارە خۆش کردووە. شانۆی کوردی لە سەردەمی ئێمەدا نمایش کرا. بەرهەمە کوردییەکان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە لە سەردەمی ئێمەدا چاپ کران. تەرەتە 6 (TRT Kurdî) لە سەردەمی ئێمەدا دەستی بە پەخش کرد. ئاکپارتی لە پلەی یەکەمدا رێگەخۆشکەری ئەو کارانە بووە لەم ناوچەیەدا."
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها گوتی: "هەنگاوەکانمان بەوەوە نەوەستاون. لە سەردەمی ئاکپارتیدا 91 بەنداو لە ناوچەکەدا دروست کران. ئەمە جگە لە رێگەوبان و پۆلی خوێندن و ئەو کارانەی بۆ پەرەپێدانی ژیانی خوێندنی منداڵان کراون. بۆیە زمانی کوردیش زمانی ئێمەیە و تورکیش. هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەم بابەتەدا نییە."
گۆکچەک لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پەیامنێری رووداو کە گوتی: "چیتان هەیە بۆ ئەو کەسانەی دژی تابلۆ کوردییەکانن؟" گوتی: "هیچ شتێک نییە ناوی دژایەتیکردنی تابلۆ کوردییەکان بێت. لەلایەن ئاکپارتییەوە هیچ لێدوانێکی لەم شێوەیە نەدراوە. ئەم پرسیارە لەوانە بکەن کە دژایەتی دەکەن."
گفتوگۆی تایبەت بە نووسین بە زمانی کوردی لە سەر تابلۆکان لە سەرەتای 2014ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک شارەوانییەکانی هەدەپە لە ئامەد دەستیانکرد بە گۆڕینی تابلۆکان و زیادکردنی زمانی کوردی و گۆڕینی ناوی هەندێک لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکان. بە زیادکردنی زمانی کوردی بۆ تابلۆکانی سەر رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان کە گەورەشارەوانیی ئامەد دوای پەسندکردنی یاسای پاڵپشتی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا ئەنجامی دا، پرسەکە نوێ بووەوە.
رۆژی 28ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاکپارتی بڕیاری دا لەژێر ناوی "دیدارەکانی سەدەی تورکیا" دەست بە چالاکیی مەیدانی بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاووڵاتییاندا تاوتوێی پرۆسەی چارەسەری بکات. ئامانج لەم چالاکییانە بەدەستهێنانی پشتیوانیی جەماوەرە بۆ پرۆسەی چارەسەری.
لەسەر ئەم بنەمایە، رێکخستنی گشتیی ئاکپارتی خشتەی چالاکییەکانی بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، پەرلەمانتاران و کادیرە پێشکەوتووەکانی دابەشکردووە و بەشێوەی شاند سەردانی مەیدانی بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەن.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی عوسمان گۆکچەک، پەرلەمانتاری بازنەی ئەنقەرەی ئاکپارتی
رووداو: سەبارەت بە تابلۆ کوردییەکان چی دەڵێن؟ بە دوو زمان. سەبارەت بە تابلۆی کوردی؟
گۆکچەک: ئێمە ئەو کەسانەین تا ئەمڕۆ رێگەمان بۆ هەموو بابەتێکی پەیوەست بە زمانی کوردی خۆشکردووە. شانۆی کوردی لە سەردەمی ئێمەدا هاتە ئاراوە. بەرهەمە کوردییەکان لە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە لە سەردەمی ئێمەدا چاپکران. وەک دەزانن، تەرەتە شەش لە سەردەمی ئێمەدا دەستی بەکار کرد. واتە بۆ خاتری خودا، وەک دەزانن ئەوەی لە پلەی یەکەمدا رێگەی بۆ ئەم بابەتانە لەم ناوچەیەدا خۆشکردووە، ئاکپارتییە. واتە دەمەوێ ئەمە بڵێم. تەنیا بەمەوە سنووردار نەبووە. لە سەردەمی ئاکپارتیدا تەنیا لەم ناوچەیەدا 91 بەنداو دروستکران. ئەمە جگە لە رێگەوبانە دروستکراوەکان، پۆلەکان و ئەو کارانەی کە بۆ باشترکردنی ژیانی خوێندن و پەروەردەی منداڵان کراون. بۆیە کوردیش هی ئێمەیە و تورکیش هی ئێمەیە، بچووکترین کێشەمان لەگەڵ ئەم بابەتەدا نییە.
رووداو: بۆ ئەو کەسانەی دژی تابلۆ کوردییەکانن، چیتان هەیە بیڵێن؟
گۆکچەک: هیچ شتێک نییە دژایەتیی تابلۆ کوردییەکانی پێبکرێ. لەلایەن ئاکپارتییەکەی ئێمەوە هیچ لێدوانێکی لەم شێوەیە نەدراوە. دەبێت ئەمە لەوانە بپرسن کە دژایەتیی دەکەن.
