رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى کۆریاى باشوور لە ساڵى داهاتوودا 10 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانى چوار سێکتەرى قەزاى شنگال خەرج دەکات.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو 10ملیۆن دۆلارەى کۆریاى باشوور بۆ چوار سێکتەرى تایبەتى قەزاى شنگال خەرج دەکرێت و لە ساڵى 2027 ەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 49 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کەمپەکانن و نەگەڕاونەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانى نەگەڕانەوەیان ئەوەیە کە قەزاکە کێشەى کەمیى خزمەتگوزارى هەیە.
عەلى جەهانگیر گوتی، ئەو هاوکارییانە بۆ چوار سێکتەر خەرج دەکرێت کە بریتین لە نۆژەنکردنەوە، پاڵپشتى پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، پڕۆژەى بچووک و خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکانى تایبەت بە شیاندنەوە.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژەی بەوەدا حکومەتى ژاپۆنیش یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار دۆلار بۆ ناحیەى قەحتانیە لە سنوورى قەزاى شنگال و قەزاى حەزەر لە باشوورى نەینەوا خەرج دەکات.




