رووداو دیجیتاڵ
شاندی باڵای دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و پلاندانانی عێراق کرد بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی
ئومێد سەباح لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی دایەوە کە لە رۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوت
ئومێد سەباح دەڵێت، شاندی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە، نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە بەرامبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق "پێشوازییان" لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و "مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت"
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان "شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و پترۆدۆلار".
ئومێد سەباح لەبارەی کۆبوونەوەکە دەشڵێت، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەکانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سوودەکانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.
ئومێد سەباح ئاماژە بەوەیش دەدات، لە بەرامبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناخی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەربڕی. هەردوو لاش لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا رێککەوتن.
نوێدەکرێتەوە...

