رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر عەدنان سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد، دوای ئازادکردنی لە زیندانی ئەدیرنە، گەیشتەوە زێدی خۆی لە ئامەد و لەلایەن هاوڕێیان، دۆستان، لایەنگران و سیاسەتڤانانەوە پێشوازیی لێکرا.
دوای نزیکەی حەوت ساڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر سەلچوک مزراکلی لە فڕۆکەخانەی ئامەد لەلایەن خانەوادەکەی، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی و خەڵکی ناوچەکەوە بە گوڵ، دروشم و چەپڵەڕێزان پێشوازیی لێکرا.
هاونیشتمانییان لە فڕۆکەخانە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئازادکردنی مزراکلی دەربڕی.
سەلچوک مزراکلی، لە یەکەم لێدوانیدا لە فڕۆکەخانە، باسی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوڕێی زیندانی و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی کرد و گوتی: "بزانن، کاتێک هاوڕێیان ماچی چاکەتەکەیان کردم، دەزانن چییان گوت؟ گوتیان، هێشتا بۆنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە چاکەتەی بەرت دێت."
مزراکلی بڕیاری دەستگیرکردنەکانی سیاسەتڤانانی کورد بە سیاسی ناوبرد و گوتی: "هەموویان بە بڕیاری سیاسی لە زیندانن. بۆیە نابێت یەک کاژێر، یەک خولەکیش لە زینداندا بمێننەوە. ئێمە ئەمە زۆر باش دەزانین."
دکتۆر عەدنان سەلچوک مزراکلی، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2019 وەک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد هەڵبژێردرابوو، بەڵام تەنیا دوای چوار مانگ لە پۆستەکەیدا، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە کارەکەی دوورخرایەوە و قەییوم لە شوێنی دانرا.
مزراکلی بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، دەستگیرکرا. دوای سێ مانگ لە دادگەییکردنی، رەوانەی گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە کرا و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە یەک ژووردا بوون.

