رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر شار و دامەزراوە ئابوورییەکان لە ژمارەیەک شاری شانشینی عەرەبستانی سعودیە، کە بوونەتە هۆی برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەتی ژن و منداڵ.
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، هاوسۆزیی تەواوی خۆی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیە و گەلەکەی دەردەبڕێت و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان، یان هەر کارێک رەتدەکاتەوە "کە ژیانی خەڵکی بێتاوان بخاتە مەترسییەوە، چونکە ئەم کارانە دژی بەها مرۆییەکانن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ:" ئاشتی و دیالۆگ باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنی قەیران و ململانێکان و بەردەوامیی گرژی و توندوتیژی تەنیا دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەلان و ئاسایشیان دەبێت."
چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادان لە نزیک کەناراوەکانی دەریای سوور بەردەوامە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و سەتان خێزانیش ئاوارە بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە حووسییەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی سنووری تەنگەی بابولمەندەب دەدەن.
میدیای نزیک لە حووسییەکان رۆژی سێشەممە 08-09-2026 بڵاویکردەوە، چەکدارەکانیان چەند ئامانجێکیان لەنێو سعودیە کردوەتە ئامانج، لە نێویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها، بنکەی ئاسمانیی شا خالید و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی (ئارامکۆ) لە ئەبها و جازان [باشووری رۆژئاوای سعودیە].
فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبیش لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێرشە بێ ماناکانی میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسییەکان کە دوایینیان بۆ سەر پێگە مەدەنی و ئابوورییەکان بوو، بووەهۆی برینداربوونی 73 کەسی سڤیل."
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن، رۆژی دووشەممە حووسییەکان ریازیان تۆمەتبار کرد بە چەند هێرشێک لە سەرانسەری یەمەن، لە نێویاندا بۆردوومانکردنی زیندانێک کە زیانی گیانی لێکەوتەوە.
حووسییەکان چەند رۆژێکە هێرشی بەرفراوانیان بە درێژایی بەرەکانی پێشەوە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای دەریای سوور دەستپێکردووە بە مەبەستی پێشڕەویکردن بەرەو تەنگەی بابولمەندەب.
ئەو رێڕۆ ئاوییە دەبێتە دەروازەی باشووری دەریای سوور، کە دەمارێکی گرنگی کەشتیوانییە و بووەتە خاڵێکی گرنگ بۆ هەناردەی نەوتی سعودیە، بەتایبەتی لە کاتی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە لەکۆتایی شوباتەوە.
جەنگی یەمەن لەنێوان هێزەکانی حکومەت و حووسییەکان لە مانگی تەممووزدا دەستیپێکردەوە، ئەوەش دوای چەند ساڵێک لە ئاگربەست و ئارامی.
