رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بودجەی فیدراڵ لە بەغدا کۆبوونەوە و وردەکاریی نوێیان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی داهاتوو خستەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو بابەتانە کرا کە تایبەتن بە بودجەی 2027 و پێشتر بۆ بەغدا نێردرابوون؛ شاندەکەی هەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونیی زیاتریان پێشکێش کرد و باسی زانیارییەکان و بودجەی هەرێمی کوردستان کرا، کە چی گۆڕاوە و چی پێویستە و زیاد کراوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە سبەی جارێکی دیکە شاندەکەی وەزارەتی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بودجەی عێراق کۆببنەوە بۆ خستنەڕووی زانیاری و روونکردنەوەی زیاتر. هاوکات بڕیارە سبەی شاندە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە و چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەش ئەنجام بدەن.
ناردنی شاندەکەی دوێنێ لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ شاندێکی دیکەی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جێگیرکردنی شایستە داراییەکان گەیشتوونەتە بەغدا. شاندە باڵاکە پێکهاتووە لە وەزیرانی دارایی، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و بریکاری وەزارەتی پلاندانان.
ئامانجی سەرەکیی ئەم رێکار و سەردانانە، بەشداریکردنی راستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2027، بۆ ئەوەی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مووچە، پلەی وەزیفی و بودجەی وەبەرهێنان لە پرۆژەیاساکەدا جێگیر بکرێن و رێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بێتە ئاراوە.
رۆژی 20-08-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەکان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەکەی بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرد.


