رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێن، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کەم دەچێتە سەر کار، ئەوە لە کاتێکدایە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان پێویستی بە ئامادەبوونی زیاتری هەیە. بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی عێراقی دەڵێ، پارێزگاری کەرکووک بۆ هێنانی پڕۆژە و پەرەپێدانی کەرکووک سەردانی دەرەوە دەکات.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەوەتەی محەممەد سەمعان بووەتە پارێزگاری کەرکووک، کەمترین رۆژ دەوامی کردووە، لە کاتێکدا بۆ راییکردنی کاروباری خەڵک زۆر گرنگە پارێزگار لەسەر کار بێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارێزگاری کەرکووک "هەر رۆژە و لە شوێنێک و وڵاتێکە؛ رۆژێک لە بەغدایە و ماوەیەکیش لە تورکیا و وڵاتانی دیکە بووە. ئێستاش بە سەردانێک لە سەڵتەنەتی عومانە."
سەبارەت بە رۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، عەبدوڵڵا میروەیس، پێی وابوو "بەهۆی رێککەوتنی سیاسییەوە، ئەنجوومەن لە لێپرسینەوە لە پارێزگاری کەرکووک دەستەوەستانە".
لەلایەکی دیکەوە، رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەب، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تێبینمان کردووە کە پارێزگار لە دیوانی پارێزگادا کەم دەوام دەکات و پاساوەکەشی ئەوەیە کە لە دەرەوەی وڵات هەوڵی هێنانی پرۆژە بۆ پارێزگاکە دەدات".
ئەو نوێنەرەی عەرەب گوتی: "ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نووسراوی فەرمیی ئاراستەی پارێزگار کردووە تاوەکو روونکردنەوەی پێویست بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان بەدەست نەگەیشتووە."
رەعد ساڵح، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەن دەتوانێت لێپرسینەوە لە پارێزگار بکات، بەڵام بۆ پۆستی پارێزگار رێککەوتنێکی سیاسی هەیە و پێویستە هەمووان پابەندی ئەو رێککەوتنە بن.
رووداو پەیوەندیی بە نووسینگەی پارێزگارەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەیان بەردەست نەبوو. دواتر لەگەڵ بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی عێراقی قسەی کرد کە نەیویست ناوی بهێنرێت و گوتی، "محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، بەمەبەستی خزمەتکردن و هێنانی پرۆژە و پەرەپێدانی کەرکووک سەردانی دەرەوەی وڵات دەکات."
دوای دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، رۆژی 16ی نیسانی 2026 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا (بێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی) بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی، لە هۆتێل رەشیدی بەغدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرابوون.
لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (16 کورسی)، یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و مەسیحییەکان 1 کورسییان هەیە.

